ترەمپ: ئێران هەرگیز نابێتە خاوەنی چەکی ناوکی

:: PM:08:09:13/04/2026 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 13ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، دووپاتی کردەوە کە ئێران چەکی ناوکیی نابێت، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە وڵاتەکەی بە هەر شێوەیەک بێت "تۆزی ناوکی ( كۆنترۆڵی تەواوەتی بەسەر دۆسیەكە)" دەگێڕێتەوە، و هیچ ڕێککەوتنێکیش نابێت بەبێ مسۆگەرکردنی دەستنەکەوتنی ئەو چەکە لەلایەن تارانەوە.

لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا، سەرۆکی ئەمەریکا گوتی، ناکرێت هیچ وڵاتێک لە ڕێی داخستنی گەرووی هورمزەوە گێچەڵ بە جیهان بکات. ڕوونیشی کردەوە کە ئەمەریکا گەرووی هورمز بەکار ناهێنێت و پێویستیشی پێی نییە، چونکە زیاتر لە پێویستیی خۆی نەوت و غازی هەیە، هەروەها کەشتی و نەوتهەڵگرێکی زۆر بەرەو ئەمەریکا دێن بۆ بارکردنی نەوت.

ترەمپ ئاماژەی بەوەش دا کە واشنتن پێویستی بە وڵاتانی تر نییە بۆ بەشداریکردن لە گەمارۆدانی بەندەرەکانی ئێران، بەڵام چەند وڵاتێک بەکردەیی بەشداری لە گەمارۆ دەریاییەکەدا دەکەن. ئەوەشی خستە ڕوو کە بەیانیی ئەمڕۆ پێوەندییەکی لە کەسانی گونجاوەوە پێ گەیشتووە سەبارەت بە دۆسیەی ئێران.

هەروەها ئەوەشی گوت، ئێران ڕازی نەبووە کە چەکی ناوکیی نەبێت، ئێستەش هیچ شەڕێک نییە بەڵکو گەمارۆ هەیە، ئێرانییەکان هیچ کارێکی بازرگانی ناکەن"، تیشکی خستە سەر ئەوەش کە زۆرێک لە سەرۆکەکانی پێشووی ئەمەریکا پەشیمانن لەوەی هەنگاویان دژی ئێران نەناوە.

لە لایەکی ترەوە، سەرۆکی ئەمەریکا وڵاتی کوبای بە "وڵاتێکی شکستخواردوو" وەسف کرد، و ئاماژەی بە ئەگەری ڕووکردنە دۆسیەی ئەو وڵاتە کرد دوای تەواوبوون لە دۆسیەی ئێران.


وشە - پۆڵا مەحموود