وەزارەتی كارەبا رای گەیاند، بەهۆی كارەكانی پڕۆژەی ڕووناكی بۆ نۆژەنكردنەوە و ڕێكخستنی تۆڕەكان، لە چەند ڕۆژی داهاتوودا كارەبای نیشتمانی لە چەند گەڕەكێكی سنووری ئامێدی و بەردەڕەش دەبڕێت.
ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسان، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبادا هاتووە، وەك ئامادەكارییەك بۆ پەرەپێدانی خزمەتگوزارییەكان، تیمەكانی پڕۆژەی ڕووناكی دەست دەكەن بە چاكسازی لە تۆڕەكانی كارەبای سەنتەری قەزاكانی ئامێدی و بەردەڕەش و ناوچەكانی دەوروبەریان.
بەپێی ڕاگەیەنراوەكەی وەزارەتی كارەبا، بڕانی كارەبا لە سەعات 8:30ـی بەیانی دەست پێ دەكات و تا پێنجی ئێوارە بەردەوام دەبێت، وەزارەتەكە ئاماژەی بەوەیش كردووە، ئەم پرۆسەیە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا جێبەجێ دەكرێت تا كارەبایەكی ڕێكخراو و جێگیرتر بۆ هاوبەشانی ئەو سنوورە دابین بكرێت.