ئیسرائیل مەرجی سەرەکیی بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی ئێران ڕاگەیاند

:: PM:08:34:14/04/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسانی 2026، یسرائیل کاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، دووپاتی کردەوە کە بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لە ئاستێکی بەرزدا بۆ دەرەوەی تاران، بە "مەرجێکی بنەڕەتی" دادەنرێت بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵمەتی سەربازی لە ئێران.

بەپێی ئەوەی ڕۆژنامەی "جێروزالیم پۆست" گواستوویەتیەوە، کاتس لە بەیاننامەیەکدا بەبۆنەی یادی "هۆلۆکۆست"، ئاماژەی بەوە دا کە دەکرێت ئەو مادە پیتێنراوانە وەک بنەمایەک بۆ هەوڵی دووبارە خستنەگەڕی پڕۆژەی ناوکی بەکار بهێنرێن. ئەوەشی خستە ڕوو کە ئەمەریکا و ئیسرائیل بردنی ئەو مادانە بۆ دەرەوەی ئێرانیان وەک مەرجێکی بنەڕەتی بۆ کۆتاییهێنان بە هەڵمەتەکە دیاری کردووە.

لە لایەکی ترەوە، ماڵپەڕی هەواڵیی "ئەکسیۆس" دوێنێ دووشەم لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکایی و سەرچاوە ئاگادارەکانەوە گواستیەوە، کە ئەمەریکا داوای لە ئێران کردووە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ماوەی 20 ساڵ بوەستێنێت، ئەمەش لە میانی ئەو گەڕەی دانوستانەکان بوو کە لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەڕێوە چوون.

بەڵام تاران ئەو پێشنیازەی ئەمەریکای ڕەت کردووەتەوە و پێشنیازی ماوەیەکی کورتتری بۆ هەڵپەساردنی بەرنامەکەی کردووە کە تەنیا پێنج ساڵ دەخایەنێت.

لەم چوارچێوەیەدا، بەرپرسێکی ئەمەریکایی بۆ "ئەکسیۆس" دووپاتی کردەوە کە کەناڵەکانی پێوەندی لە نێوان واشنتن و تاران هێشتا کراوەن، ئاماژەی بە هەبوونی "بەرەوپێشچوون" لەو هەوڵانەدا دا کە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی دەدرێن بە مەبەستی کۆتاییهێنان بە تەنگژەی ئێستە.

ماڵپەڕەکە ڕوونیشی کردووەتەوە کە پرسی پیتاندن و چارەنووسی کۆگای یۆرانیۆمی ئێستە، هێشتا وەک کۆسپێکی سەرەکی ماونەتەوە کە تا ئێستە ڕێگرن لە واژووکردنی ڕێککەوتنەکە.


وشە - پۆڵا مەحموود