گراهام: هیوادارم دەنگۆی درێژکردنەوەی ئاگربەست لەگەڵ ئێران ڕاست نەبێت

:: PM:10:03:14/04/2026 ‌
ئەمڕۆ سێشەم 14ی نیسانی 2026، لیندسی گراهام سیناتۆری ئەمەریكی، لە پەیامێکدا لە هەژماری تایبەتیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، ڕای گەیاند کە هیوادارە ئەو دەنگۆیانەی باس لە درێژکردنەوەیەکی تری ئاگربەست دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران، ڕاست نەبن و دوور بن لە ڕاستییەوە.

گراهام لە پەیامەکەیدا دەڵێت، بەلای منەوە هەڵوێستی سەرۆک ترەمپ ڕوونە، ترسم هەیە ئێرانییەکان هەمان ئەو یارییە کۆنە بکەن کە هەمیشە دەیکەن و بە سازشکردنی کەم کات بکوژن و پڕۆسەکە درێژ بکەنەوە.

هەروەها باوەڕی وایە کە هێڵە سوورەکان و مەرجە سەرەکییەکانی سەرۆک ترەمپ بریتین لە:

هیچ جۆرە پیتاندنێک بۆ یۆرانیۆم نەکرێت.

ئەمەریکا کۆنتڕۆڵی ئەو 900 پاوەند یۆرانیۆمە بەرز پیتێنراوە بکات.

گەرووی هورمز بکرێتەوە بەبێ هیچ دەستوەردانێکی ئێران.

پێویستە ئێران دەستبەرداری بەرنامەی مووشەکی بالیستیی مەودا درێژ بێت، هەروەها واز لە هەر هەوڵێک بهێنێت بۆ پەرەپێدانی چەکی ناوکی.

پێویستە ئێران واز لە پاڵپشتیکردنی گشت بریکارە تیرۆریستییەکانی لە ناوچەکەدا بهێنێت.

ئەو سیناتۆرە پێی وایە ئەگەر ئەو مەرجانە جێبەجێ بکرێن، ڕێگە بە ئێران دەدات وەک نەتەوەیەک بمێنێتەوە، بەڵام نەک وەک گەورەترین دەوڵەتی پاڵپشتیکاری تیرۆر.

لە کۆتاییدا گراهام هۆشداریی توندی دا و گوتی، ئەگەر هیچ ڕێککەوتنێک لە ئارادا نەبێت، ئەوا کاتی ئەوەیە کارەکە تەواو بکرێت، وەک ئاماژەیەک بۆ دەستپێکردنەوەی شەڕ و کۆتاییهێنان بە مەترسییەکانی ئێران.


وشە - پۆڵا مەحموود