شارەزایەك: تەنگژەی غاز لە عێراق بەهۆی خراپیی ئیدارەدانەوەیە

:: PM:10:50:14/04/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتە سەربازییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، لە عێراق تەنگژەی كەمیی غازی ماڵان دەستی پێ كرد، غاز لە بازاڕەكان زۆر كەم بووەوەوە و نرخەكەی زۆر زیادی كرد، وەك هەموو جارێكیش هاووڵاتی باجەكەی دەدات، لەوكاتەی عێراق وڵاتێكی بەرهەمهێنەری نەوتە، شارەزایان دەڵێن راستە بەرهەمی نەوتی عێراق بەهۆی كەمیی دەروازەكانی هەناردنەوە كەمی كرد، بەڵام عێراق هیچ ئامادەسازییەكی بۆ تەنگژەكان نییە.

ئێستە چەند بۆچوونێك سەبارەت بە تەنگژەی غاز هەیە، وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تەنگژەمان نییە و غازەكە بەش دەكات، كەچی لە بازاڕ نییە و نرخەكەی گرانە، شارەزایان هۆكاری ئەو جیاوازییە بۆ دوو هۆكار دەگەڕێننەوە، مستەفا فەرەج شارەزای ئابووری دەڵێت ئەو جیاوازییە لە لێدوانی وەزارەت و دۆخی بازاڕ، ئاماژەیە بەوەی تەنگژەكە كەمی غاز نییە، بەڵكو تەنگژەی ئیدارەدانە.

زیاتر گوتی، عێراق توانای بەرهەمهێنانی پێویستی بۆ غازی شل هەیە، بەڵام كێشەكە لە لاوازیی پلاندانان و خراپیی رێكخستنی پرۆسەی دابەشكردن و بێتوانایی لە كۆنترۆڵكردنی بازاڕە، ئەوانەش خنكانێكی دروستكراوی لێ كەوتووەتەوە كە راستەوخۆ كار لە هاووڵاتییان دەكات، بازاڕی رەش و بازرگانان تەنگژەكەیان قووڵتر كردووە و نرخیان بەرز كردووەتەوە، كە لەبەرچاوی حكوومەت روودەدات، كەواتە تەنگژەكە دروستكراوە و قۆرخكاری و بۆ قازانجە.

د. نەبیل مەرسوومی شارەزایەكی تری ئابووری دەڵێت، هۆكاری تەنگژەی غاز بۆ داخستنی گەرووی هورمز دەگەڕێتەوە، بووەتە هۆی كەمبوونەوەیەكی زۆری بەرهەمهێنانی ناوخۆیی و پڕكردنەوەی پێویستی ناوخۆیی، بەرهەمهێنانی بوتڵی غازی لە 8500 تۆنی رۆژانە بۆ كەمتر لە چوار هەزار تۆن كەم كردووەتەوە، ئەوەش كورتهێنانی لە پێویستیی بازاڕ دروست كردووە و تەنگژە سەری هەڵداوە، واتە هۆكارەكەی كەمی خستنەروو و زۆری پێویستییە.   

وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت تەنگژەی كەمیی غازمان نییە، بەپێی وەزارەتی نەوتی عێراق بەرهەمیی ناوخۆیی غاز لە نێوان 4700 و 5000 تۆنی رۆژانەیە و ئەوەش پێویستیی ناوخۆیی پڕ دەكاتەوە، هاوكات نیگەرانییەكە لە هەوڵی بەشێك لە بازرگانانە كە تەنگژەی دروست كردووە، ئەگینا ئەوەی دەخرێتە روو بەش دەكات، بۆیەش پشت بە دابەشكردنی غاز بە كۆبۆن بەستراوە بۆ رێگرتن لە قۆرخكاری و بەرزبوونەوەی نرخ.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل