رۆژنامەی عەرەبی لەندەنی:
چیتر كوردستان جیۆگرافیایەكی فەرامۆشكراو نییە
دەبێت ئەمەریكا سیستمی بەرگریی لە هەرێمی كوردستان فراوانتر بكرێت
دەبێت بایەخەكانی ئەمەریكا بۆ كوردستان رەهەندی سیاسی و ئابووریش بگرێتەوە
رۆژنامەی
عەرەب كە لە لەندەن دەردەچێت، ئاشكرای دەكات ئەمەریكا پێداچوونەوە بۆ پێوەندیی خۆی لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكات و پێوەندییەكە بەهێزتر دەكات. رۆژنامەكە دووپاتیشی دەكاتەوە ئەو پێداچوونەوە دوای ئەوە دێت هێرشەكانی ئێران و میلیشیاكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان، هەندێك كەموكوڕی لە پێوەندییەكە دەرخست و دەبێت چارەسەر بكرێت بە تایبەتی لە رووی سەربازییەوە.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسان، رۆژنامەی عەرەب راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا هاتووە، دوای ئەو هێرشە زۆرەی لەلایەن ئێران و میلیشیاكان لە كاتی شەڕی ئەمدواییەدا، دەردەكەوێت بوونی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان دەچێتە قۆناغێكی پێداچوونەوەیەكی قووڵی ستراتیجی كە تەنیا پێوەندی بە رەهەندی سەربازییەوە نییە، بەڵكو پێوەندیی بە سروشتی هاوپەیمانی ئاسایش هەیە لەگەڵ هەرێمی كوردستان و سنوورەكانی بڵاوبوونەوەی هێزەكانی ئەمەریكا كە ئێستە لە هەموو كاتێك زیاتر ئاڵۆزتر بووە.
رۆژنامەی عەرەب ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، زیاتر لە 700 هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان لەلایەن ئێران و میلیشیاكانی ئەنجام دراوە، بەشێكی زۆری لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە خراونەتە خوارەوە و بەمەیش زیانەكان كەم بوونەتەوە. رۆژنامەكە دەڵێ، "بەهۆی ئەو ململانێیەی ئیسرائیل و ئەمەریكا لەگەڵ ئێران دەركەوت كە چیتر هەرێمی كوردستان ناوچەیەكی پەراوێزخراو نییە لە جیۆگرافیای عێراقدا، بەڵكو بووەتە گۆڕەپانێك بۆ رووبەڕووبوونەوەی ستراتیجی لەگەڵ گوشارەكانی ئێران، تاكە ناوچەیشە دوورە لە هەژموونی سوپای پاسدارانی ئێران".
لە راپۆرتەكەدا دووپاتی ئەوە دەكرێتەوە، هەرێمی كوردستان دەبێتە یەكێك لە تەوەرەكانی پێكهێنانی ستراتیجی ئەمەریكا لە عێراق لە قۆناغی داهاتوودا.
بە بڕوای راپۆرتەكە یەكێك لەو كەموكوڕییانەی لە پێوەندییەكە دەركەوت ئەوەبوو، سیستمی بەرگریی ئەمەریكا بەشێوەیەكی سەرەكی لە هەولێر هەیە و بە ئاستێكی بەرز توانای بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی هەیە، بەڵام بە هۆی هێرشەكانەوە دەركەوت كە ئەمە بەس نییە، بەڵكو پێویستی بەوە هەیە ئەو سیستمە بەرگرییە فراوانتر بكرێت.
بە بڕوای رۆژنامەكە، خاڵێكی تر وا دەكات ئەمەریكا بایەخی زیاتر بە هەرێمی كوردستان بدات ئەوەیە، تاكە شوێنە لە ناوچەكە كە بوونی ئەمەریكا تێیدا سەقامگیرە، ئەمەیش وا دەكات ئەمەریكا پێویستی بەوە هەبێت، بەهێزكردنی پێوەندییەكەی لەگەڵ هەرێم تەنیا لە رەهەندی ئاسایش و بەرگرییەوە نەبێت، بەڵكو رەهەندی سیاسی و ئابووریش بگرێتەوە و پێوەندییەكە بە شێوەیەك بێت زیاتر هاوسەنگانە و كاریگەر ببێت.
رۆژنامەی عەرەب ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، گفتوگۆكان لەسەر ئەو دۆسیەیە بە سێ ئاراستە دەڕوات، یەكەم: دەبێت سیستمی بەرگریی لەناو هەرێمی كوردستان فراوان بكرێت، تەنیا هەولێر نەبێت. دووەم دەبێت هاریكاری هەواڵگری و سازدانی ئۆپراسیۆن لەگەڵ هێزە كوردییەكان فراوانتر بكرێت بۆ ئەوەی توانای پێشبینیكردنی هەڕەشەكان بەهێزتر بكرێت.
سێیەمیش ئەوەیە بنكەكانی بوونی ئەمەریكا زیاتر كاریگەر بكرێت. خاڵێكی تر كە رۆژنامەی عەرەب باسی دەكات ئەوەیە پێوەندیی ئابووری بەهێزتر بكرێت، بەتایبەتی دوای ئەوەی ئەمەریكا پێداچوونەوە بۆ بارودۆخە تەناهییەكە دەكات، چونكە هەڕەشە تەناهییەكان وا دەكەن كۆمپانیا ئەمەریكییەكان روو لە ناوچەكە نەكەن. بەڵام كاتێك رەهەندی تەناهی و سیاسی چارەسەر كرا، ئەوا رەهەندی ئابووریش دێتە پێشەوە بۆ وەبەرهێنان لە كوردستان.