لە ڕاگەیەنراوێكی هاوبەشدا، 10 وڵاتی دنیا كە كەنەدا و بەریتانیا و سویسرایشی تێدایە، داوای دەسبەجێی وەستاندنی جەنگ لە باشووری لبنان دەكەن، نیگەرانیی قووڵی خۆیان بۆ خراپیی دۆخی مرۆیی و تەنگژەی ئاوارەبوون لە ناوخۆی ئەو وڵاتە و بە ئامانجگرتنی هێزەكانی ئاشتیپارێز "یونیڤێل"ی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان ڕاگەیاندووە.
لە
ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، خەڵكی سڤیل و ژێرخانی مەدەنی پێویستە بپارێزرین و ناكرێ ببنە ئامانجی جەنگ، پێشوازی لە وەستاندنی ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمەریكا و ئێران دەكەین، بەڵام بە توندی داوا دەكەین كە پێویستە بێدەنگكردنی چەك لبنانیش بگرێتەوە.
ئەو بانگەوازەی 10 وڵاتەكە لە پەراوێزی یەكەم كۆبوونەوەی ڕاستەوخۆی شاندی لبنان و ئیسرائیل لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا دوێنێ سێشەم هات، وەك سەرەتایەك بۆ ڕێخۆشكردن و دەستكردن بە دانوستاندنی ڕاستەوخۆ لە نێوان هەردوو وڵات. ئەمەیش لە كاتێكدایە كە گرژییەكان لە نێوان ئیسرائیل و حزبوڵا لە پەراوێزی جەنگی ئێران ڕوو لە پەرەسەندنن.
لە بەشێكی تری ڕاگەیەنراوەكەدا هاتووە، پێویستە ڕێز لە یاسای نێودەوڵەتی بگیرێت، لە پێناوی پاراستنی كەرامەتی مرۆڤ و دانانی سنوورێك بۆ بە ئامانجگرتنی خەڵكی سڤیل و ڕێگەدان بە گەیشتنی كۆمەكی مرۆیی بۆ خەڵكی لێقەوماو، بێ هیچ كۆسپ و ڕێگرییەك.
هاوكات 10 وڵاتەكە بە توندی سەركۆنەی هێرش و كوشتنی هێزەكانی ئاشتیپارێزی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان دەكەن، مەترسی دروستكردن لەسەر ژیانی ئەو كەسانەی كە لە بواری كۆمەك و هاریكاری مرۆیی لە باشووری لبنان كار دەكەن.