دەوڵەتی یاسا: هەرگیز مالیكی لە كاندیدبوون نەكشاوەتەوە

:: AM:11:47:15/04/2026 ‌
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا وەڵامی هاوپەیمانی سوودانی دەداتەوە و دەڵێ‌، "نووری مالیكی لە كاندیدبوون نەكشاوەتەوە و ناشكشێتەوە".

ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسان، زوهێر چەلەبی ئەندامی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا كە نووری مالیكی سەرۆكایەتی دەكات، لێدوانی هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە لەبارەی كشانەوەی نووری مالیكی لە پرسی كاندیدبوون بە درۆ دەخاتەوە و دەڵێ‌، "مالیكی سازیشی نەكردووە، نەكشاوەتەوە و ناشكشێتەوە بۆ هیچ ناوێكی تر، وەك ئەوەی لە راگەیاندن باس دەكرێت، هەروەها ناكرێ بكشێتەوە".

چەلەبی دەڵێ‌، "چوارچێوەی هاوئاهەنگی مالیكیی كاندید كردووە، ئەگەر بگۆڕێت، ئەوا دەبێت بە زۆرێنە بێت، ئەمە دەكرێت و قبووڵیش دەكرێت". ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا دەڵێ‌، "مالیكی داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كردووە، لە حاڵەتێك ئەگەر كاندیدێكی تر دەستنیشان بكەن بە رێككەوتنی زۆرینە رای بگەیەنن، وەك چۆن لە كاندیدكردنی ئەو رووی دا".

ئەمڕۆ قوسەی مەحبووبە سەركردە لە هاوپەیمانی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان رای گەیاند، "مالیكی كشاوەتەوە و باسم بەدریی لە شوێنی خۆی كاندید كردووە".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل