كۆماری ئیسلامیی
ئێران بۆ شكاندنی گەمارۆی ئەمەریكا بۆ سەر گەرووی هورمز و كەنداوی عومان، پەنا بۆ بەكارهێنانی بەندەرەكانی ئەوپەڕی باشووری وڵات دەبات.
ئاژانسی میهری ئێرانی بڵاوی كردەوە كە تاران پلان دادەنێت، تا بەندەرەكانی باشووری ئێران بۆ هاوردە و هەناردەكردن بەكار بهێنێت، بێ ئەوەی ناوی ئەو بەندەرانە بڵاو بكاتەوە كە نیازی بەكارهێنانی هەیە.
لە ڕووی جیۆگرافییەوە ئێران لەوپەڕی باشووری كەوتووەتە سەر دەریای عەرەب و گەمارۆی ئەمەریكایش بۆ سەر گەرووی هورمز و كەنداوی عومانە، بۆیە ئێران دەتوانێ ئەو بژارەیە جێبەجێ بكات، بەڵام كێشەكە له ڕووی دەریاییەوە نابێت، بەڵكو لە ڕووی وشكاییەوە زۆرینەی كێڵگەكانی نەوتی ئێران بە بۆڕی بە دوورگەی خارگ بەستراونەتەوە و لەوێوە نەوت هەناردە دەكات، بۆیە بەكارهێنانی بەندەرەكانی باشوور پێویستی بە ڕاكێشانی بۆڕیی نەوتە لە كێڵگەكانەوە بۆ باشووری ئێران، یان لە ڕێگەی تانكەرەوە دەبێ نەوت بگوازێتەوە كە ئەمەیش پرۆسەیەكی قورس و ئاڵۆزە.
لە ماوەی 24 سەعاتی ڕابردوودا سوپای ئەمەریكا توانیویەتی هەشت كەشتیی نەوتهەڵگری ئێران و بیانی كە لە بەندەرەكانی ئێران گیرساونەتەوە، بۆ ناو كەنداو بگەڕێنێتەوە و ڕێگە نەدات گەرووی هورمز و كەنداوی عومان ببڕن.