دوران كاڵكان ڕای دەگەیەنێت، دەسەڵاتی توركیا بە تەكتیكی ڕۆژانە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە دەكات، هۆشداریش دەداتە ڕۆژهەڵاتی كوردستان كە ئازادیی خۆیان لە چوارچێوەی ئێرانێكی دیموكراسیدا ببیننەوە.
دوران كاڵكان ئەندامی ئەكادیمیای زانستە كۆمەڵایەتییەكانی عەبدوڵا ئۆجەلان، لە دیمانەیەكدا لەگەڵ "مەدیا خەبەر" ڕای گەیاند، لە چوارچێوەی پرۆسەكەدا ئەوەی لە ئەستۆیان بووە جێبەجێیان كردووە.
كاڵكان ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان بە ستراتیج و ئایدۆلۆجییەوە كاریان لەسەر پرۆسەی ئاشتی كردووە و دووپاتی كردەوە، گەڕانەوە لەم ڕێگەیەدا نییە، "ئەوانەی دژایەتیی ئەم پرۆسەیە دەكەن دەدۆڕێن."
كاڵكان كێشەكانی پرۆسەكە دەخاتە ئەستۆی دەسەڵاتی ئەنكەرە و دەڵێت، سەرچاوەی كێشەكان دەسەڵاتە، چونكە بەشێوەیەكی ستراتیجی تەماشای پرۆسەكە ناكەن و تەنیا بە تەكتیكی ڕۆژانە مامەڵەی لەگەڵ دەكەن.
ئاماژەی بەوە كرد كە ئەوان هەنگاوی خۆیان بۆ قۆناغی دوای پرۆسەكە ناوە و پێویستە دەسەڵات هەنگاوی یاسایی بنێت، بەڵام پێی وایە دەسەڵات دەیەوێ كات بەفیڕۆ بدات.
كاڵكان باسی لەوە كرد كە دەبوو ماوەیەكی زۆر پێش ئێستە ئۆجەلان ئازاد بكرایە. ئەو مامەڵەیەی ئێستە بەرانبەری دەكرێت، نایاساییە و پێویستە دۆخێكی لەباری بۆ بڕەخسێنرێت.
كاڵكان وێڕای دەربڕینی خۆشحاڵی بۆ قسەكانی ئەردۆغان و باخچەلی، بەڵام دووپاتی كردەوە كە ئەوانە تەنیا قسەن و تا ئێستە جێبەجێ نەكراون.
كاڵكان هۆشداریی دایە ئەنكەرە و ڕای گەیاند، توركیا دامەزرێنەری ئەو سیستمی دەوڵەت- نەتەوەیەیە كە لە سەدامەوە تا موبارەك یەك لە دوای یەك كەوتن.
بە گوتەی كاڵكان، ئێستە دۆخەكە گەیشتووەتە ئێران و پاش ئەوەش دەگاتە توركیا، چونكە توركیا لە ناو هەموو ئەو پرۆسانەدایە كە ڕوو دەدەن، بەڵام دەسەڵاتی توركیا ئەو مەترسییانە نابینێت.
ئەندامەكەی ئەكادیمیای ئۆجەلان، توركیا بە هاوئاهەنگیی نهێنی لەگەڵ ئیسرائیل تۆمەتبار دەكات و دەڵێت، توركیا وا دەردەخات لەگەڵ هەموواندا لە شەڕدایە، بەڵام لە ژێرەوە لەگەڵ ئیسرائیل رێككەوتووە.
كاڵكان ئاماژەی بە ڕێككەوتنەكانی سووریا كرد و گوتی، پێشتر ڕێككەوتنی چواری كانوونی دووەم لە پاریس هەبوو و ڕێككەوتنی نهێنی هەیە.
كاڵكان ئاماژەی بەوە كرد كە پێویستە ڕۆژهەڵاتی كوردستان وانە لە مێژووی بەشەكانی تری كوردستان وەربگرێت. بۆ ئەوەی سەركەوتوو بن، پێویستە ئازادیی ڕۆژهەڵات لە چوارچێوەی "كۆمارێكی دیموكراسی ئێراندا" ببینن و ببنە بەشێك لە كۆمەڵگەی ئێرانی.
كاڵكان لە كۆتایی لێدوانەكانیدا ئاماژەی بەوە كرد كە كورد بە نەتەوەگەریی چەقبەستوو دۆڕاندوویەتی، نەك بە دۆستایەتی و برایەتیی گەلان.