واشنتن پۆست: ئەمەریكا هەزاران سه‌ربازی تر ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەكات

:: PM:01:15:15/04/2026 ‌
ڕۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمەریكی لە زاری بەرپرسانی وڵاتەكەی ئەمڕۆ چوارشەم بڵاوی كردەوە، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا كار بۆ ناردنی هەزاران سەربازی تر لە ڕۆژانی داهاتوو بۆ ئێران دەكات، بۆ توندكردنی فشارەكان لەسەر ئەو وڵاتە، هاوكات تاوتوێی وەشاندنی گورزی سەربازی یان ئۆپراسیۆنی وشكایی لە دژی ئێران دەكات، سەرەڕای ئەوەی ئاگربەست تا ئێستە كۆتایی نەهاتووە.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، نزیكەی شەش هەزار سەرباز لەسەر كەشتیی فڕۆكەهەڵگری یو ئێس ئێس جۆرج دەبلیو بۆش هەن و ژمارەیەك كەشتیی تری جەنگی یاوەری ئەو كەشتییە زەبەلاحە دەكەن.

هاوكات چوار هەزار و 200 سەربازی تر لەگەڵ كەشتیی بوكسەر و یەكەیەكی مارێنزی سەر بەو كەشتییە كە یەكەی گەڕانی دەریایی یازدەن، بەر لە كۆتایی ئەم مانگە دەگەنە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ناردنی ئەو ژمارە زۆرەی سەرباز و كەشتیی جەنگی لە كاتێكدایە، ئەمەریكا ژمارەیەكی زۆر كەشتیی جەنگی لە ناوچەكەدا هەیە، جیا لەوەی ئەو جووڵەیە لەگەڵ نزیكبوونەوەی وادەی كۆتایی ئاگربەستەكە كە ڕۆژی 22ی ئەم مانگە نیسان/ئەپریل كۆتایی دێت، ئەو هێزانەی بەڕێدەكەن، دەچنە پاڵ ئەو 50 هەزار سەربازەی ئێستە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەن.

بەگوێرەی ڕۆژنامەكە، هاتنی هێزی زیاتر و بوونی سێ كەشتیی فڕۆكەهەڵگری ئەمەریكی كە هەریەكەیان دەیان فڕۆكەی جەنگی هەڵگرتووە، ئێستە كەشتیی فڕۆكە هەڵگری جۆرج دەبلیو بۆش لەوپەڕی باشووری كیشوەری ئەفریقایە و بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێچ دەكاتەوە.

هاوكات كەشتیی بۆكسەر لە هاوای هەفتەی ڕابردوو دەستی بە جووڵە كرد و دوو هەفتەی تر دەگاتە ناوچەكە، هەڵگری یەكەیەكی هێزی دەریایی و مارێنزە كە ژمارەیان دەگاتە 800 سەرباز، جیا لە بوونی چەندان هەلیكۆپتەر لەسەر كەشتییەكە.

بەرپرسێكی پێشووی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا دووپاتی كردەوە، هەمووان بۆ بەشداریی لەو گەمارۆیە دەچنە ناوچەكە كە ترەمپ سەپاندوویەتییە سەر ئێران، تیمە چەكدارەكانی  هێزی دەریایی و مارێنز و پاسەوانی كەناراوەكان بە چڕی ڕاهێنانیان لەسەر كۆنترۆڵكردنی كەشتییەكان كردووە، كە ئامادە نەبن بەگوێرەی فەرمانەكانی سوپای ئەمەریكا بكەن.

بەرپرسان ئەوەیشیان خستووەتەڕوو، زیاتر لە 10 كەشتیی جەنگی ئەمەریكی ئێستە لە كەنداوی عومان و دەریای عەرەبن و گەمارۆی ترەمپ بۆ سەر ئێران جێبەجێ دەكەن.

لەگەڵ بەردەوامبوونی گەمارۆدانی ئێران، بەرپرسانی سەربازی ئەمەریكا پلان بۆ ئاڵۆزی زیاتر و ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی وشكایی لە ناو خاكی ئێران دەكەن، یەكێك لە سیناریۆكانی ئەم هێرشە وشكاییانەیش بۆ بردنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران یان دابەزانی هێزی دەریاییە لە كەناراوەكان و دوورگەكان بۆ پاراستنی گەرووی هورمز، یان دابەزینە بۆ كۆنترۆڵكردنی دوورگەی خارگ.



وشە - باز ئه‌حمه‌د