گۆڤاری ژە ناشنال ئەنتێرسیتی ئەمەریكی دەڵێ، ئەگەر ئەمەریكا دەیەوێ پێوەندییەكی باوەڕپێكراو و بەردەوامی لەگەڵ كورد هەبێت، دەبێت چەند كارێكی بۆ بكات، لەوانە گوشار بخاتە سەر عێراق بۆ ئاشكراكردنی میلیشیا هێرشبەرەكان، هەروەها رێگە نەدات بەغدا ئابڵۆقەی دانیشتووانی هەرێم بدات، سەرەڕای ئەمەیش سیستمی بەرگریی بۆ دابین بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسان، رۆژنامەی مەدا پوختەی راپۆرتێكی داناوە كە گوڤاری ژە ناشنال ئەنتێرستی ئەمەریكی بڵاوی كردووەتەوە، لە راپۆرتەكەدا بە شێوەیەكی سەرەكی باس لەوە دەكرێت هەرێمی كوردستان گرنگییەكەی دەركەوتووە، نەبوونی سیستمی بەرگریی تایبەت بە هەرێمی كوردستان وایكردووە، میلیشیاكانی سەربە ئێران بەردەوام هێرشی بكەنە سەر، بۆیە دەسەڵاتی هەرێم پێویستی بە سیستمی بەرگرییە.
لە راپۆرتەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە، ئەگەر ئەمەریكا دەیەوێ پێوەندییەكی بەردەوام و متمانەپێكراوی لەگەڵ هەرێمی كوردستان هەبێت، ئەوا دەبێت چەند كارێك بۆ هەرێمی كوردستان بكات و لەوانە، یەكەم: گوشار بخاتە سەر بەغدا بۆ ئەوەی ئەو لایەنانە ئاشكرا بكات كە هێرش دەكەنە سەر هەرێمی كوردستان. دووەم: دەبێت گوشارێكی تر بكات بۆ ئەوەی ئابڵۆقەی دارایی سەر هەرێم لەلایەن بەغداوە هەڵبگیرێت، چونكە ئەمە مەینەتیی دانیشتووانی هەرێمی كوردستانی زیاد كردووە. سێیەم: دەبێت ئەمەریكا سیستمی بەرگری و چەكی پێشكەوتوو بە هەرێمی كوردستان بدات.
گۆڤارە ئەمەریكییەكە باس لەوە دەكات، میلیشیاكانی عێراق دوو سیفەتی دژ بەیەكتر هەڵدەگرن، لەلایەك بە فەرمی بەشێكن لە دەوڵەتی عێراق، لە هەمان كاتیش بە هاوئاهەنگی لەگەڵ ئێران كار دەكەن، ئەمەیش كاتێك دەركەوت كە ئەو میلیشیایانە بە ناوی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق هێرشیان دەكرد، كەچی كاتێك هێرشیان دەكرایە سەر زیانەكانیان لە ریزی حەشدی شەعبی هەژمار دەكرد.
لەبارەی هەڵوێستی حكوومەتی عێراقیش، گۆڤارەكە رەخنە لە حكوومەتی عێراق دەگرێت و بە بێتوانای ناو دەبات و پێی وایە، تەنانەت نەیتوانیوە ناوی ئەو هێرشبەرانە ئاشكرا بكات.
دوای ئەمە راپۆرتەكە دووپاتی دەكاتەوە كە نابێت ئەمەریكا وەك بارێكی گران سەیری كورد بكات، بەڵكو دەبێت وەك هاوپەیمانی ئاسایش و بازرگانی سەیریان بكات كە بەهای خۆیان هەیە، چونكە زیاتر لە 30 ساڵە كوردی هەرێمی كوردستان پێوەندییەكی بەردەوام و سەقامگیرییان لەگەڵ ئەمەریكا هەیە، ئەوان زەوینەیەكی بڕواپێكراویان بە ئەمەریكا داوە، لە رووبەڕوبوونەوەی تیرۆر هاوپەیمانی ئەمەریكا بوون.
جیا لەوانەیش ژمارەیان شەش ملیۆن و 500 هەزار كەسە، كە ئەمە دەرفەتی گەورە بۆ كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەڕەخسێنێ بە تایبەتی لە بواری وزە و كانزاكان و پێشخستنی ژێرخان. لە بەر ئەو هۆكارانە بە بڕوای گۆڤارە ئەمەریكییەكە كاتی ئەوە هاتووە، ئاستی پێوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا بەرز بێتەوە.
لە ماوەی شەڕی 40 رۆژی ئەمەریكا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران، میلیشیاكان و ئێران بە درۆن و مووشەك هێرشیان دەكردە سەر هەرێمی كوردستان، ژمارەی هێرشەكان زیاتر لە 700 هێرش بوو، زیانێكی زۆریان بۆ هەرێمی كوردستان هەبوو، بە تایبەتی بۆ خەڵكی سڤیل.