ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، وڵاتەكەی ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریكا دانوستاندن لەسەر شێوە و ئاستی پیتاندنی یۆرانیۆم بكات، ئەمەیش بابەتێكە كە پێشتر ئێران نەرمی لە بەرانبەردا نەنواندووە. بەقائیی دووپاتیشی كردەوە نامەگۆڕینەوە لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بەردەوامە.
ئەمڕۆ چوارشەم 14ی نیسان، ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند، چاوەڕوانی شاندێكی پاكستانی دەكەن كە سەردانی ئێران دەكات بە مەبەستی تەواوكردنی دانوستاندن لەگەڵ ئەمەریكا.
بەقائی گوتی، "لە پێناو وەستاندنی شەڕ دانوستاندن دەكەین".
لە بەشێكی تری لێدوانەكانی گوتی، "لە یەكشەمی رابردووەوە گۆڕینەوەی نامە لەگەڵ ئەمەریكا بەردەوامە".
لەبارەی پیتاندنی یۆرانیۆم كە پێشتر ئێران ئامادە نەبوو گفتوگۆی لەسەر بكات، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێ، "ئامادەین گفتوگۆ لەسەر شێوە و ئاستەكەی بكەین، بەڵام دەستبەرداری مافی پیتاندن نابین".
رۆژی شەمووی رابردوو لە پاكستان دانوستاندنی ئەمەریكا و ئێران ئەنجام درا، بەڵام هیچ ئەنجامێكی نەبوو.