ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسانی 2026، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە کە لە میانی کۆبوونەوەی شاندی پاکستانی لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، تیمی ئێرانی ڕای گەیاندووە کە "لێکۆڵینەوەی پێویست" دەکات و دواتر بڕیار لەسەر گەڕی داهاتووی دانوستانەکان دەدات. هاوکات ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە لبنان وەک "ئاماژەیەکی ئەرێنی" بۆ بڕیارەکەی ئێران سەبارەت بە دانوستانەکان وەسف کرا.
ئاژانسی "تەسنیم"ی ئێرانی لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە گواستیەوە، دوای کۆبوونەوەی شاندی پاکستانی بە سەرۆکایەتیی عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران، تیمی ئێرانی لێکۆڵینەوەی پێویست دەکات و پاشان بڕیار لەسەر گەڕی داهاتووی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا دەدات.
سەرچاوەکە ئاماژەی بەوەش دا کە ئاگربەست لە لبنان ئاماژەیەکی ئەرێنییە بۆ بڕیاری ئێران سەبارەت بە گەڕی داهاتووی دانوستانەکان، بەڵام پێویستە ئەمەریکا پابەندی چوارچێوە لۆژیکییەکەی دانوستانەکان بێت و بە تێپەڕاندنی سنوورەکانی یان پێشێلکردنی ئەو بەڵێنانەی پێش ئاگربەستەکە داویەتی، ڕێگری لە پڕۆسەکە نەکات.
بەپێی "تەسنیم"، ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمەریکا ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتن ئامادەیە بۆ دەستپێکردنی گەڕی داهاتووی دانوستانەکان، بەڵام شاندی ئێرانی دووپاتی لە پێویستیی پابەندبوونی ئەمەریکا کردووەتەوە بە چەند بنەمایەکی پێویست بۆ دەستپێکردنی دانوستانێکی لۆژیکی.
پێشتریش لەمڕۆدا، عاسم مونیر فەرماندەی سوپای پاکستان، وەک ئامادەکارییەک بۆ گەڕێکی نوێی دانوستانەکان گەیشتە تارانی پایتەختی ئێران. تەلەڤزیۆنی ئێرانی ڕای گەیاند کە شاندە پاکستانییەکە هەڵگری پەیامێکی ئەمەریکایە بۆ تاران لەگەڵ ئامادەکاری بۆ گەڕی داهاتووی دانوستانەکان.
هاوکات کەناڵی "جیۆ"ی پاکستانی لە زاری سەرچاوەکانەوە گواستیەوە کە ڕێنوێنی دەرچووە بۆ مسۆگەرکردنی ئامادەییی لۆجستی و تەناهی بە مەبەستی میوانداریکردنی دانوستانەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا، و پێشبینی دەکرێت هەفتەی داهاتوو گەڕی دووەمی دانوستانەکان لە ئیسلام ئاباد بەڕێوە بچێت.
لەلایەکی ترەوە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە کاردانەوەی ئێران بەرانبەر گەمارۆ دەریاییەکە، ئەوە دەردەخات کە ئەوان درکیان بەوە کردووە کە "بەتەواوی تێکشکێنراون"، و هۆشداریی دا کە هەر ڕێککەوتنێک لەگەڵ تاران مەرجدارە بە دەستبەرداربوونی لە ئامانجە ناوکییەکانی.