خەریكە رێككەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشق بەتەواوەتی دەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، ئەمڕۆ چوارشەم حكوومەتی سووریا دەستی بە بەشداریكردن لە بەڕێوەبردنی دەروازەی سیمالكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد لە رێگەی سەپاندنی رسووماتی زیاتر و سیستمێكی گومرگیی حكوومەتی و گۆڕینی مامەڵە فەرمی و نووسراوەكانی دەروازەكە بە ناوی دەوڵەتی سووریا لە بری ئیدارەی خۆسەری.
بەرپرسێك لە حكوومەتی سووریا لەوبارەوە گوتی، ئەمڕۆ لایەنە حكوومەتییەكان دەستیان بە جێبەجێكردنی رسووماتی نوێی گومرگی لەسەر هەموو كاڵاكانی دێن و دەچن بۆ ناو سووریا لەو دەروازە كرد، ئەوەش لە چوارچێوەی سیستمێكی ئەلیكترۆنیی حكوومەت بە مەبەستی رێكخستنەوەی پرۆسەی دەركردنی گومرگی و بەڕێوەبردنی بەشێوەیەكی ناوەندی.
روونی كردەوەن ئەو رێوشوێنە ئیدارییانەی ئێستە هەیە، لە رێگەی تیمێك لە فەرمانبەرانی حكوومەت دەكرێت، بە بەشداری فەرمانبەرانی پێشوو لە دەروازەكانی وەلید لە رۆژئاوای عێراق و سیمالكا لەگەڵ هەرێمی كوردستان، ئێستە هاتوچۆی كاڵاكان و بازرگانی و هاووڵاتییان لەژێر سەرپەرشتیی حكوومەتی سووریا دەكرێت.
بەپێی قسەی ژمارەیەك بازرگان رسووماتی نوێ لە دەروازەكان، بە بەراورد بە پێشوو زیاتر بووە، تێچووی گومرگیی هێنانی هەندێك كاڵا دووهێند كراوە، ئەوەش كاردانەوەی لەسەر نرخ لە بازاڕ دەبێت، بەتایبەتی مادە خۆراكییەكان.