بڕیار بوو ئەمشەو چوارچێوەی هاوئاهەنگی لە بەغدا بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆك وەزیران كۆ ببێتەوە، بەڵام ئەوجارەش كۆبوونەوەكە دوا خرا، سەرچاوەیەك ئاماژە دەكات كە دوای گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی گرنگ لەبارەی سەرۆكایەتیی حكوومەت، كۆبوونەوەكە بۆ شەمووی داهاتوو دوا خراوە.
سەرچاوەیەكی نزیك لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی گوتی، سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی لەسەر دواخستنی كۆبوونەوەكەی ئەمشەو بۆ رۆژی شەمووی داهاتوو رێك كەوتن، ئەوەش دوای گەیشتن بە لێكتێگەیشتنی گرنگ سەبارەت بە پۆستی سەرۆكی حكوومەت، چونكە لێكگەیشتنە نوێكان پێویستییان بە كاتی زیاتر هەیە بۆ گفتوگۆكردن.
هەر بەپێی سەرچاوەكە ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەم كۆبوونەوەیەكی لاوەكی لە نێوان هەندێك لە سەركردەكانی چوارچێوە لە ماڵی عەمار حەكیم سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانی هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەم سەلام زوبێدی گوتەبێژ بەناوی هاوپەیمانی "نەسر"ی حەیدەر عەبادی گوتی، بڕیارە ئەمشەو چوارچێوە كۆ ببێتەوە و تیایدا باسی سێ سیناریۆ بۆ یەكلاكردنەوەی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت بكات، ئەوەش دوای ئەوەی كۆبوونەوەی دووشەمی رابردوو لەسەر داوای نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دوا خرا، ئەمشەو ئەوان سێ ئاراستە بۆ یەكلاكردنەوەی پۆستەكە تاوتوێ دەكەن.
روونی كردەوە، یەكەم گفتوگۆكردن لەسەر رێككەوتن لەسەر محەمەد شیاع سوودانی یان حەیدەر عەبادی وەك دوو شوێنگرەوەی مالیكی، دووەم، دیاریكردنی یەكێك لە شەش كاندیدەكەی تر لە لیستە نۆ كەسییەكەی ناویان بۆ ئەو پۆستە دیاری كراوە، سێیەم دیاریكردنی كاندیدی هاوبەش لە دەرەوەی چوارچێوە، ئەوە ئەگەر دوو بژارەكەی تر رەت كرانەوە، كە ئەوەش سێیەمیان زۆر لاوازە.