ئەمڕۆ چوارشەم 15ی نیسانی 2026، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دووپاتی کردەوە کە لە بۆردمانکردن و لێدانی حزبوڵای لبنانی بەردەوام دەبن، لە کاتێکدا ئاماژەی بە ئامادەییی ئیسرائیل دا بۆ گەڕانەوە بۆ شەڕ لەگەڵ ئێران.
نەتەنیاهۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، یەکەم دانوستان لەگەڵ لبنان ئەنجام دەدەین لە دوای زیاتر لە 40 ساڵەوە، کە ئامانج لێی چەککردنی حزبوڵا و چەسپاندنی ئاشتییەکی بەردەوامە. هەروەها گوتی، فەرمانم بە سوپا کردووە بەردەوام بێت لە ناردنی هێزی پاڵپشتی بۆ باشووری لبنان، لەگەڵ ئەگەری دەستپێکردنەوەی شەڕ لەگەڵ ئێران، ئێمەش بەتەواوی ئامادەین بۆ هەر سیناریۆیەک.
سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ئاماژەی بەوەش دا کە هاوپەیمانە ئەمەریکاییەکانمان لە پێوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران ئاگادارمان دەکەنەوە. ڕوونیشی کردەوە، لە بۆردمانکردنی حزبوڵا بەردەوام دەبین و شەڕەکە لە بنت جبێل یەکلا دەکەینەوە". ئەوەشی خستە ڕوو کە دوێنێ ڕێنوێنیی داوەتە سوپا بۆ بەردەوامبوون لە بەهێزکردنی ناوچەی ئارام لە باشووری لبنان.
پێشتریش لەمڕۆ چوارشەمدا، ئەیال زامیر سەرۆک ئەرکانی ئیسرائیل، دووپاتی کردبووەوە کە ئیسرائیل دوێنێ پلانی بەردەوامبوونی شەڕی لە ئێران و لبنان پەسەند کردووە. زامیر ئاماژەی بەوەش دابوو کە ئامانجی ئامادەیان لە ناو ئێران هەیە، و ڕێگە نادەن تاران هیچ دەستکەوتێک لە دۆسیەی ناوکی و گەرووی هورمز بەدەست بهێنێت.
لە لایەکی ترەوە، بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی ڕای گەیاند کە ئەنجوومەنی وەزیرانی بچووکی تەناهی، سەعات هەشتی ئێوارەی ئەمڕۆ بە کاتی ناوخۆ، کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ تاوتوێکردنی ئەگەری گەیشتن بە ئاگربەست لە لبنان.