بەدرێژایی هەڵمەتە سەربازییە 40 رۆژییەكەی ئەمەریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، میلیشیاكان لە عێراقەوە هێرشیان دەكردە سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لە وڵاتانی كەنداو و و ناوچەكە، ئەوەش توڕەیی ئەوانی لێ كەوتەوە، دوای كوێت و سعوودیە و بەحرێن، ئەمڕۆ ئیمارات بانگهێشتی كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی عێراقی كرد و یاداشتێكی ناڕەزایەتی رادەست كرد.
لە ماوەی هەڵمەتە سەربازییەكەی سەر ئێران، میلیشیاكانی عێراق ددانیان بەوە دانا كە سووریا و كوێت و سعوودیە و وڵاتانی تریشیان بۆردمان كردووە، كوێت دوو جار كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی عێراقی بانگهێشت كرد و یاداشتی ناڕەزایەتی پێ دا، بەم دوایەش سعوودیە و بەحرێن بە هەمان شێوە، ئەمڕۆ وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات عومەر عەبدولمەجید عوبەیدی كاربەڕێكەری باڵوێزخانەی عێراقی لەو وڵاتە بانگهێشت كرد و بە توندی سەركۆنەی بەردەوامیی هێرشەكانی ئەو میلیشیایانەی سەرەڕای ئاگربەست كرد، كە لە خاكی عێراقەوە دەكرێنە سەر ئەو وڵاتە.
وەزارەتی دەرەوەی ئیمارات سەركۆنەی توندی بەردەوامیی هێرشە درۆنییەكان لە خاكی عێراقەوە بۆ سەر ئەو وڵاتە و ژمارەیەك وڵاتی تری ئەنجوومەنی هاریكاریی وڵاتانی كەنداو كرد، دووپات لەوە كرایەوە كە ئەو كارانە كار لە پێوەندییەكان و هاریكاریی وڵاتانی كەنداو لەگەڵ عێراق دەكات و پێویستە حكوومەتی عێراق چارەسەری ئەو هێرشانە بكات.