ڕۆژنامه‌ی وۆل ستریت جۆرنال له زاری به‌رپرسانی ئاگه‌داره‌وه گواستییه‌وه، كه سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا ده‌یه‌وێ به خێرایی كۆتایی به جه‌نگ بهێنێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ی ژماره‌یه‌كی زۆری وڵاتان ڕه‌تیان كردووه‌ته‌وه به‌شداری له‌و گه‌مارۆیه بكه‌ن كه سوپای ئه‌مه‌ریكا سه‌پاندوویه‌تییه سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێران.
ڕۆژنامه‌كه له زاری سه‌رچاوه‌كانییه‌وه نووسیویه‌تی، كه دۆناڵد تره‌مپ له‌میانه‌ی پێشوازیكردنی له پاشا و شاژنی هۆڵه‌ندا له كۆشكی سپی و میوانداریكردنیان بۆ ئێواره خوانێك، پێی ڕاگه‌یاندوون، كه تاكه ڕێ بۆ گێڕانه‌وه‌ی تاران بۆ سه‌ر مێزی گفتوگۆ فشاری زیاتره، به‌ڵام حكوومه‌تی هۆله‌ندا ڕه‌تی كردووه‌ته‌وه یارمه‌تی تره‌مپ بدات له به‌رده‌وامبوون له‌و گه‌مارۆیه‌ی خستوویه‌تییه سه‌ر به‌نده‌ره‌كانی ئێران و دووپاتی كردووه‌ته‌وه كه دوو دڵه له زیاتربوونی گرژییه‌كان.
به گوێره‌ی ڕۆژنامه‌كه، سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی تره‌مپ پێشتر دووپاتی كرده‌وه كه وڵاتانی تریش دێنه پاڵ واشنتن بۆ گه‌مارۆدانه‌كه، به‌ڵام تا ئێسته هیچ وڵاتێك نه‌هاتووه‌ته پێش و زۆرینه‌یان به‌شداریان له سه‌پاندنی ئه‌و گه‌مارۆیه ڕه‌ت كردووه‌ته‌وه.
ئه‌و ویسته‌ی تره‌مپ له كاتێكدایه كه سه‌ره‌ڕای سه‌پاندنی گه‌مارۆی ده‌ریاییش به‌سه‌ر ئێران، تا ئێسته تاران ئاماده نییه بچێته ژێر باری سه‌رجه‌م مه‌رج و داواكانی ئه‌مه‌ریكا و ئه‌گه‌ره‌كان و سه‌ره‌تای سازكردنی ڕێككه‌وتن له نێوان هه‌ردوو وڵات تا ئێسته ده‌رنه‌كه‌وتوون.