سوپاسالاری پاكستان دوای تاران سەردانی واشنتن دەكات

:: AM:09:29:16/04/2026 ‌

بڕیارە سبەی هەینی عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان كە بە ئەندازیاری ناوەندگیری ئەمەریكا و ئێران دادەنرێ، سەردانی واشنتنی پایتەختی ئەمەریكا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە كۆ ببێتەوە، ئەمەیش لە كاتێكدایە كە دوای نیوەڕۆی دوێنێ چوارشەم مونیر بە فەرمی گەیشتە تاران و لەگەڵ سەرانی ئێران كۆبووەوە.

سەرچاوەیەكی تەناهی پاكستان بۆ جەزیرە گوتی، فەرماندەی باڵای سوپا عاسم مونیر سبەی هەینی بەرەو ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا دەكەوێتە ڕێ، دوای گەڕانەوەی لە تاران بەردەوام بوون لە هەوڵەكانی بۆ ناوەندگیری لە نێوان ئەمەریكا و ئێراندا.

دوێنێ چوارشەم عاسم مونیر گەیشتە تاران و لەلایەن عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران پێشوازیی لێ كرا، وەك سەرچاوەكان باسی لێوە دەكەن، سەردانەكەی مونیر بۆ تاران بە ئامانجی گەیاندنی پەیامێكی نوێی ئەمەریكا بوو بۆ تاران و گفتوگۆكردن بوو لەبارەی دانوستاندنەكانی داهاتوو.

بەرپرسێكی باڵای ئێران بۆ ڕۆیتەرز گوتی، پاكستان دەیەوێ ئەو بۆشاییە گەورەیەی ئەمەریكا و ئێران لە نێوان یەكتر هەیانە، پڕی بكاتەوە و كۆتایی بە جەنگ بهێنرێت.

هەرچەندە میدیاكان باس لە گەڕی دووەمی دانوستاندن لە نێوان تاران و واشنتن بەر لە 22ی مانگ و كۆتاهاتنی ئاگربەستە دوو هەفتەییەكە ئەنجام دەدرێ، بەڵام تا ئێستە كات و شوێنی دانیشتنەكە دیار نییە، تەنیا شەش ڕۆژیش ماوە ئاگربەست كۆتایی بێت، لەلایەكی ترەوە هەوڵەكان چڕ كراونەتەوە كە ئەگەری زۆر هەیە ئاگربەست بۆ ماوەی دوو هەفتەی تر درێژ بكرێتەوە. بەڵام هیچ یەكێك لەمانە لەلایەن سەرچاوەی فەرمییەوە پشتڕاست نەكراونەتەوە.


وشە - باز ئه‌حمه‌د