حكوومەتی ئەڵمانیا ڕەزامەندی لەسەر هەناردەی چەك و كەلوپەلی سەربازی، بە بڕی 7.8 ملیۆن دۆلار لە هەفتەكانی سەرەتای جەنگ لە دژی ئێران داوە.
ڕەزامەندیی بەرلین لە 28ی شوبات/فێبرایەر و ڕۆژی هێرشی ئەمەریكا و
ئیسرائیل بۆ سەر ئێران دەرچووە و تا 27ی ئادار/مارس چەكەكە ڕەوانە كراوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی وەزارەتی ئابووری ئەڵمانیا داویەتییە پارتی چەپڕۆی ئەڵمانیا، دوای ئەوەی پەرلەمانتارانی پرسیاریان لە وەزیری ئابووری كرد.
ئەمەیش لە كاتێكدایە پێشتر بەهۆی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر كەرتی غەزە، بەرلین فرۆشتنی چەكی بە ئیسرائیل هەڵپەسارد، بەڵام ئێستە دووبارە ئەو كۆتوبەندە هەڵگیراوەتەوە و دوای ئەمەیش، گرێبەست بە بڕی 166.95 ملیۆن یۆرۆ لە ماوەی چوار مانگی یەكەمی هەڵگرتنی ئەو كۆتوبەندە لە نێوان تەلئەبیب و واشنتن كراوە.
تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەبارەی ئەو چەك و كەلوپەلە سەربازییانە نییە كە ئەڵمانیا بە ئیسرائیلی فرۆشتووە، لە چەكی قورس و پێشكەوتوو پێكدێت، یان كەلوپەلی سووكی سەربازی.
هەناردەكردنی چەك لە ئەڵمانیاوە بۆ ئیسرائیل دۆسیەیەكی هەستیارە لە ئەڵمانیا، دوای هێرشی حەوتی تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەری 2023 كە بزووتنەوەی حەماس كردییە سەر ئیسرائیل، فرۆشتنی چەك لە ئەڵمانیا بۆ ئیسرائیل زیادی كرد و دواتریش ئەو دۆسیەیەی هەڵپەسارد و ئێستەیش جارێكی تر چەك بە ئیسرائیل دەفرۆشێتەوە.