وەزارەتی دەرەوەی پاكستان ئەمڕۆ پێنجشەم ئاشكرای كرد، واشنتن و تاران ئامادەن گەڕی دووەمی دانوستاندن ئەنجام بدەن و هەوڵەكانیش بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی دووەم بەردەوامی هەیە.
گوتەبێژێك بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی
پاكستان ئاشكرای كرد، تا ئێستە هیچ زانیارییەك لەبارەی شوێنی دانیشتنی گەڕی دووەمی دانوستاندنی ئەمەریكا و ئێران بوونی نییە، سەرەڕای ئەوەی هەردوولا ئامادەكاری بۆ كۆبوونەوەی دووەم دەكەن و پاكستانیش كەناڵی دیپلۆماسیی كراوەیە و بەردەوام دەبێ لە ناوەندگیریكردن لە نێوان هەردوو وڵات.
هێمای بۆ ئەوەیش كرد، پێوەندی لەگەڵ هەردوولا لەلایەن ئیسلام ئابادەوە بەردەوامی هەیە، ئێستەیش هەریەك لە واشنتن و تاران ئامادەكاری دەكەن و پەیام لە ڕێی پاكستانەوە بۆ یەكتر دەنێرن، بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی دووەم.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی پاكستان دووپاتی كردەوە، هەوڵەكانی ئیسلام ئاباد بۆ ناوەندگیری و گەیاندنی هەردوولا بە ڕێككەوتن پشتئەستوورە بە پشتیوانی فرەوانی وڵاتانی دنیا.
لەبارەی لبنانەوەیش وەزارەتی دەرەوەی پاكستان گوتی، لبنان تا ئێستەیش بەشێكە لە ئاگربەستی دوو هەفتەیی كە تا ئێستە بەردەوامی هەیە و چەسپاندنی ئاشتی لە لبنانیش بە پێویستییەكی هەنووكەیی بۆ سەرخستنی گفتوگۆكان ناوبرد.