ئێران: ئومێدی دانیشتنی دووەم و درێژكردنەوەی ئاگربەست لە ئارادایە

:: PM:12:24:16/04/2026 ‌
بەرپرسێكی باڵای ئێران ئاشكرای كرد، سەردانی سوپاسالاری پاكستان بۆ تاران، بووە هۆی كەمكردنەوەی ناكۆكییەكانی نێوان تاران و واشنتن لەبارەی چەند دۆسیەیەك و ئەگەری دانیشتنی دووەمی نێوان هەردوو وڵاتی زۆر زیاتر كردووە.

بەرپرسە باڵاكەی ئێران بۆ ئاژانسی ڕۆیتەرز گوتوویەتی: سەردانەكەی عاسم مونیر چانسی درێژكردنەوەی ماوەی ئاگربەست و دانیشتنی دووەمی دانوستاندنەكانی زیاتر كردووە.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، سەرەڕای ئەوەی تا ئێستە ناكۆكیی قووڵ لەسەر پرسی بەرنامەی ناوكی ئێران هەیە، چونكە تا ئێستە چارەنووسی یۆرانیۆمی پیتێنراو تا ئاستی بەرز و كۆتوبەند لەسەر بەرنامەی ناوكی ئێران یەكلا نەبووەتەوە.

لە بەشێكی تری قسەكانی ئەو بەرپرسە باڵایەی ئێران ڕای گەیاند، هیوا هەیە ئاگربەست درێژ بكرێتەوە و گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان لەگەڵ واشنتن ئەنجام بدەین.

تا ئێستە وادەی دانیشتنی دووەم و درێژكردنەوەی ئاگربەست لە نێوان ئێران و ئەمەریكا بڕیاری كۆتایی لەسەر نەدراوە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوامیان هەیە و بڕیارە سبەی هەینی عاسم مونیر سوپاسالاری پاكستان بگاتە واشنتن، هەوڵی نزیككردنەوەی هەردوو وڵات بۆ دەستكردنەوە بە دانوستاندنەكان بدات.

ڕۆژی شەمووی ڕابردوو 11ی نیسان/ئەپریل، گەڕی یەكەمی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمەریكا لە ئیسلام ئاباد ئەنجام درا، دوای زیاتر لە 20 سەعات گفتوگۆ و دانوستاندن، دواجار بێ هیچ ئەنجامێك دانوستاندنەكان كۆتاییان هات.


وشە - باز ئه‌حمه‌د