ماڵپەڕی عالەم جەدید:
یەكێتی مەرایی بۆ توركیا دەكات و ئەو وڵاتەیش متمانەی پێ ناكات
ناكرێت پۆستی گرنگ لە عێراق بۆ رازیكردنی وڵاتان بێت
رێككەوتنەكە زەبرێكە لە دیموكراسی و هەڵبژاردن
جێبەجێكردنی رێككەوتنی هۆتێل رەشید ئاژاوەی كارگێڕی لە كەركووك دروست دەكات
ناكرێت بە دوو كورسی پۆستی پارێزگار بە توركمان بدرێت
رێككەوتنی هۆتێل رەشید كێشەكانی كەركووكی فەرامۆش كردووە
ماڵپەڕی عالەم جەدید لە راپۆرتێكدا دەڵێ رێككەوتنی هۆتێل رەشید بۆ گۆڕینەوەی پۆستەكانی كەركووك لێدانە لە پرۆسەی دیموكراسی و ئاژاوەی كارگێڕی لە شارەكە دروست دەكات.
ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان ماڵپەڕی
عالەم جەدید راپۆرتێكی بڵاو كردووەتەوە، بۆچوونی چاودێرانی سیاسی و بەرپرسانی سیاسی كەركووكی وەرگرتووە، لە راپۆرتەكە هاتووە، "ئەوەی لە كەركووك روو دەدات، تەواوكردنی دانیشتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارە، مەرایی سیاسی یەكێتیی نیشتمانییە بۆ توركیا، لە رێگەی پێدانی پۆستی پارێزگاری كەركووك بە پێكهاتەی توركمان".
هەر لە راپۆرتەكە هاتووە، "پێدانی پۆستی پارێزگار بە توركمان، سەرەڕای ئەوەی كە تەنیا دوو كورسی لە كۆی 16 كورسی ئەنجوومەنی پارێزگا هەیە، زیانگەیاندنە بە پرۆسەی هەڵبژاردن و میكانیزمەكانی دیموكراسی، ئەگەر وەها بێت ئەوا بەشدار بوون لە هەڵبژاردنی سوودی چییە كاتێك پۆستەكان بەگوێرەی رێككەوتنەكان دابەش بكرێت و بەگوێرەی رەزامەندی دەوڵەتان بێت".
وەك ئاماژەی بۆ دەكرێت ئەوەی روودەدات گۆڕینی سەرجەم پۆستە كارگێڕییەكانە لە كەركووك، گوایە لە نێو پێكهاتەكان دەستاودەست دەكەن، كەچی راپۆرتەكەی عالەم جەدید دەڵێ، "ئاڵوگۆڕكردنی پۆستەكان لە كەركووك لە پۆستی پارێزگارەوە تا بەڕێوەبەری فەرمانگەكان جۆرێك لە ئاژاوەی كارگێڕی دروست دەكات و زیان بە پرۆسەی سەقامگیری دەگەیەنێ، ئەمە حاڵەتێكی تەندروست نییە، دەبێت حكوومەتی عێراق رەتی بكاتەوە، چونكە ئەم رێككەوتنە خزمەت بە پرۆسەی كارگێڕی و رێكخستن و پلاندانانی شارەكە ناكات".
بە بڕوای ماڵپەڕی عالەم جەدید، رێككەوتنی هۆتێل رەشید جۆرێك مەرایی یەكێتی تێدایە بۆ توركیا، چونكە توركیا متمانە بە یەكێتی ناكات بە دوو هۆكار یەكەمیان پێوەندییەكەی لەگەڵ پەكەكە و نزیكبوونی لە ئێران. لە راپۆرتەكە هاتووە، "وێڕای نزیكبوونەوەی ئەم دواییە، مەرایی یەكێتی بۆ توركیا، كەچی توركیا هێشتا متمانە بە یەكێتی ناكات، بەهۆی نزیكییەكەی لەگەڵ ئێران و پێوەندییەكەی لەگەڵ پارتی كرێكارانی كوردستان".
لە راپۆرتەكە دووپاتی ئەوە كراوەتەوە، جیا لە كورد ئەو رێككەوتنە زیانیشی بۆ عەرەب هەیە، بۆیە سەرۆك بەرەی عەرەبی لە كەركووك رێككەوتنەكە بە "باتڵ" ناو دەبات و دەڵێ، "هەر شتێك بنەمایەكی پووچەڵی هەبێت، پووچەڵە". دواتریش نازم شەمەری سەرۆكی بەرەی عەرەبی دەڵێ، "رێككەوتنی رەشید مافی عەرەبی فەرامۆش كردووە، سەرنجی داوەتە پۆست و ئیمتیاز و سوودە كەسی و حزبییەكان".
بە بڕوای ئەو عەرەب كۆمەڵێك كێشە لە كەركووك هەن لەوانە كێشەی زەوی و زار كەچی هیچ كێشەیەك باس نەكراوە، تەنیا باس لە پۆستەكان كراوە.
عالەم جەدید ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات لە هاوینی 2024 رێككەوتنی هۆتێل رەشید لە بەغدا كراوە، لایەنە سەرەكییەكانی ئەم رێككەوتنە ئەمانەن: یەكێتیی نیشتمانی بە سەرۆكایەتیی بافڵ تاڵەبانی، حزبی تەقەدوم بە سەرۆكایەتیی محەمەد حەلبووسی، بەرەی توركمانی، میلیشای عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرۆكایەتیی قەیس خەزعەلی، میلیشیای بابیلۆن بە سەرۆكایەتیی رەیان كلدانی كە ئەم دوو میلیشیایە و سەركردەكانیان لە لیستی سزاكانی ئەمەریكادان.