ماڵپەڕی فەرمیی عەسایب: خەزعەلی دەستپێشخەری كەركووكی كرد بەڵام ئەوان سازشیان بۆ توركیا كرد

:: PM:06:59:16/04/2026 ‌
عەسایب وردەكاریی رێككەوتنەكە ئاشكرا دەكات:
رێككەوتنەكە بۆ ساڵێك نییە بەڵكو پۆستەكە ماوەیەكی زیاتر بە توركمان دەدرێت.
یەكێتی و سوننە بە چاودێریی توركیا رێككەوتوون. 

ماڵپەڕی عەهد كە زمانحاڵی میلیشیای عەسایبی ئەهلی حەقە لە راپۆرتێكدا زانیاری نوێ ئاشكرا دەكات و دەڵێ‌، پێشتر بۆ چەقبەستوویی دۆخی كەركووك قەیس خەزعەلی پێشنیاری ئاڵوگۆڕی دەسەڵاتی لە كەركووك كردووە، بەڵام دواتر بە هۆی نزیكبوونەوەی یەكێتی و سازشی سوننەی كەركووك پۆستەكە بە توركمان دەدرێت، بۆ ماوەی ساڵێكیش نییە بەڵكو هەر دوو ساڵەكە لەلای توركمان دەمێنێتەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسان كە بڕیارە لە دانیشتنێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك رێككەوتنی هۆتێل رەشید جێبەجێ بكرێت، پۆستی پارێزگاری كەركووك لە كورد بسەنرێتەوە و بە توركمان بدرێت. وا بڵاو دەكرێتەوە گوایە بەگوێرەی رێككەوتنەكە ماوەی ساڵێك پۆستەكە بە توركمان دەدرێت و دواتر بە عەرەب دەدرێتەوە، یانیش بڵاو دەكرێتەوە، قەیس خەزعەلی سكرتێری گشتی عەسایب لە رێككەوتنەكە بەشدار بووە. كەچی ماڵپەڕی زمانحاڵی عەسایب راپۆرتێكی بڵاوكردووەتەوە تێیدا باس لەوە دەكات وردەكاریی رێككەوتنەكە ئاشكرا دەكات.

لە راپۆرتەكە باس لەوە كراوە قەیس خەزعەلی پێشتر پێشنیاری رێككەوتنی كردووە، بۆ دەرچوون لە چەقبەستوویی سیاسی لە كەركووك. بەڵام ئێستە رێككەوتنەكە بە چاودێریی توركیا كراوە، عەرەبی سوننە سازشی لە مافی خۆی كردووە، نەوەك ساڵێك بەڵكو پۆستەكە بۆ ماوەی دوو ساڵ بە توركمان دەدرێت. 

لە راپۆرتەكە باس لەوە كراوە، ئەو گۆڕانكارییەیش لە چوارچێوەی ئەوە هاتووە، بافڵ تاڵەبانی خۆی لە توركیا نزیك دەكاتەوە، هەردوو لا سوننەی كەركووك و بافڵ تاڵەبانی بۆ رەزامەندیی توركیا ئەو كارەیان كردووە.




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل