"ئێران و ئەمەریكا لە واژووكردنی یاداشتێكی لێكگەیشتنی كاتی نزیك بوونەتەوە"

:: PM:07:53:16/04/2026 ‌

تا ئێستە ئاگربەستە كاتییە دووهەفتەییەكە كۆتایی ناهاتووە و یەكەم گەڕی دانوستانەكانی ئەمەریكا و ئێران شكستی هێناوە، هەوڵە دیپلۆماسییەكان بە چەند ئاراستەیەك بۆ رێگرتن لە دەست پێكردنەوەی شەڕ بەڕێگەوەن، لەوانە درێژكردنەوەی ئاگربەستەكە یان گەیشتن بە رێككەوتنێك لەسەر بنەمای نوێ بۆ دانوستانەكان.

چەند سەرچاوەیەكی ئێرانی ئاشكرایان كرد كە لە دوای كەمبوونەوەی ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنێكی فراوانی ئاشتی، دانوستانكارانی ئێران و ئەمەریكا هەوڵی گەیشتن بە یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی كاتی دەدەن، وەك ئاژانسی "رۆیتەرز" بڵاوی كردەوە، بەرپرسێكی ئێرانی دەڵێت، تاران و واشنتن دەستیان كردووە بە كەمكردنەوەی ناكۆكییەكانیان، لەوانە لە ئیدارەدانی گەرووی هورمز.

دوو سەرچاوەی ئێرانی دووپاتیان كردەوە كە دانوستانكارانی هەردوو وڵات هەوڵی گەیشتن بە یاداشتێكی لێكگەیشتنی كاتی دەدەن رێگری لە دەست پێكردنەوەی شەڕ بكات، بۆ ئەو مەبەستەی دانوستاكاران پێشبینیی خۆیان بۆ ئەگەری گەیشتن بە رێككەوتنێكی سەرانسەری كەم كردووەتەوە.

بەپێی راپۆرتەكان دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا نایەوێ بە دەستبەتاڵی لە كەنداو بكشێتەوە، هێزێكی زۆری هێناوە، مەبەستیش گوشاركردنە لەسەر ئێران بۆ ناچاركردنی بۆ رێككەوتنێك بە مەرجەكانی خۆی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل