ئەمڕۆ پێنجشەم 16ی نیسانی 2026، بەرپرسێک و سەرچاوەکانی ئێران ئاشکرایان کرد کە دانوستانکارانی تاران و واشنتن هەوڵ دەدەن بگەنە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کاتی، ئەمەش دوای کەمبوونەوەی چاوەڕوانییەکان بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر.
ئاژانسی هەواڵی "رۆیتەرز" لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە گواستیەوە کە تاران و واشنتن دەستیان بە کەمکردنەوەی ناکۆکییەکانی نێوانیان کردووە، لە نێویاندا چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی گەرووی هورمز. هەروەها دوو سەرچاوەی ئێرانی ئاماژەیان بەوە دا، دانوستانکاران هەوڵ دەدەن بۆ گەیشتن بە یاداشتێکی لێکتێگەیشتنی کاتی کە ڕێگری لە گەڕانەوە بۆ شەڕ بکات، ئەوەشیان خستە ڕوو کە دانوستانکاران پێشبینییەکانیان بۆ ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاشتیی گشتگیر کەم کردووەتەوە.
پێشتریش لەمڕۆدا، "رۆیتەرز" بڵاوی کردەوە کە هێشتا ناکۆکی لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا ماوە سەبارەت بە چەند پرسێکی بنەڕەتیی پێوەست بە بەرنامە ناوکییەکە.
لەلایەکی ترەوە، دوێنێ چوارشەم بەرپرسانی ئەمەریکا ڕایان گەیاندبوو کە دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا، گشت بژاردەکانی بە "کراوەیی" هێشتووەتەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆسیەی ئێران، لە ئەگەری دەستبەردارنەبوونی تاران لە ئامانجە ناوکییەکانی و واژوونەکردنی ڕێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ واشنتن پێش کۆتاییهاتنی وادەی ئاگربەستە کاتییەکە.