ترەمپ دووپاتی دەکاتەوە کە شەڕی ئەمەریکا و ئێران بەرەو کۆتایی دەچێت

:: AM:09:57:17/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026، دۆناڵد ترەمپ دووپاتی کردەوە، ئەو شەڕەی ئەمەریکا دژی ئێران دەیکات بەرەو کۆتایی دەچێت و جارێکی تر سەرهەڵناداتەوە. ئەوەش دوای جێبەجێکردنی ئاگربەست دێت بەمەبەستی بەدیهێنانی ئاشتییەکی گشتگیر، دوای ململانێیەکی سەربازی کە بۆ ماوەی 40 ڕۆژ لە ناوچەکەدا بەردەوام بوو.

ترەمپ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "تروس سۆشیاڵ" نووسیویەتی، مامەڵەکردن لەگەڵ شەڕی ئێراندا زۆر باشە و سوپای ئەمەریکاش بەهێزترینە لە جیهاندا. دووپاتی کردەوە، پێویست بوو بچینە ناو ئێران، چونکە نەماندەتوانی ڕێیان پێ بدەین ببنە خاوەنی چەکی ئەتۆمی. داخستنی دۆسیەی ناوکیی ئێرانیش یەکێکە لە داواکارییە هەرە پێویستەکانی واشنتن و تەلئەبیب.

هەروەها دەڵێت، شەڕی ئێران زۆر بەزوویی کۆتایی دێت و ئاستی سەربازیی هێزەکانی ئەمەریکاش نموونەیی بوو. ئاماژەی بەوەش دا کە ئەمەریکا 158 کەشتیی ئێرانی نوقم کردووە کە ئێستە لە بنی دەریاکاندان، بەڵام لە هەمان کاتدا ستایشی ئاستی سەربازیی تارانی کرد لە کاتی بەرزبوونەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گوتی، ئێران وڵاتێکی بەهێز و زیرەکە و جەنگاوەری سەرسەختی هەیە.


وشە - پۆڵا مەحموود