نەتەوە یەکگرتووەکان: بەهۆی شەڕی ئێرانەوە 2000 کەشتی لە کەنداو گیریان خواردووە

:: PM:02:39:17/04/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026، ئەرسێنیۆ دۆمینگێز ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوی دەریایی نێودەوڵەتیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دووپاتی کردەوە کە بەهۆی شەڕی سەر ئێرانەوە، نزیکەی 2000 کەشتی کە 20,000 دەریاوانیان هەڵگرتووە، لە ناو کەنداودا گیریان خواردووە.

دۆمینگێز لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ڕۆژنامەی "ئێل پایس"ـی ئیسپانی، ڕەوشی گەرووی هورمزی بە "مەترسیدار" وەسف کرد، ئاماژەی بەوەش دا کە ئەو دەریاوانانە لە ناو کەنداودا گیریان خواردووە و ناتوانن بە گەرووەکەدا تێپەڕ بن، ئەمەش ترسێکی زۆری دروست کردووە سەبارەت بە پێویستیی کەمکردنەوەی بەکارهێنانی خۆراک، ئاو و سووتەمەنی لەگەڵ بەردەوامیی قەیرانەکە. هەروەها گوتی، وڵاتانی ناوچەکە هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بە دەریاوانە گەمارۆدراوەکان دەکەن، لەوانەش پاڵپشتیی پزیشکی لە کاتی پێویستدا.

لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە پلانی گواستنەوەی کەشتییەکان دوای کۆتاییهاتنی ململانێکان، دۆمینگێز ڕوونی کردەوە کە پلانێک لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە بەتایبەتی لەگەڵ ئێران و عومان لە گفتوگۆدایە. ئاماژەی بەوەش دا کە "پرۆسەی ڕزگارکردنی کەشتییە گیرخواردووەکان چەندان هەفتە دەخایەنێت"، دووپاتی کردەوە کە "پێویستە سەرەتا دڵنیا بینەوە لەوەی ناوچەکە هیچ هەڕەشەیەکی مینەکانی تێدا نەماوە پێش دەستپێکردنی ئەو پرۆسەیە". ڕوونیشی کردەوە کە هەرکاتێک مەترسییەکان نەمان، جموجووڵی دەریایی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی، بە تێپەڕبوونی 130 بۆ 135 کەشتیی ڕۆژانە بە ناو گەرووی هورمزدا.

سەبارەت بە سەپاندنی باج لەسەر تێپەڕین بە گەرووەکەدا، ئەمینداری گشتیی ڕێکخراوەکە دووپاتی کردەوە کە سەپاندنی باجی لەو جۆرە هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە، ڕوونیشی کردەوە کە مافی ئازادیی کەشتیوانی لە گەرووەکاندا جێی گفتوگۆ نییە و ناچێتە چوارچێوەی دانوستانەکانی ڕێکخراوەکەوە. دۆمینگێز گوتی، "یاسای نێودەوڵەتی ڕێ بە هیچ وڵاتێک نادات بە ئارەزووی خۆی ڕێڕەوێکی تر دروست بکات لە کاتێکدا ڕێڕەوێک لەسەر ئەرزی واقیع هەیە". هەروەها ئاماژەی بەوە دا، "ئێران مافی تەواوی هەیە پێشنیازێک بخاتە ڕوو و پاساو بۆ پێویستییەکەی بهێنێتەوە، بەڵام دەبێت ئەو پێشنیازە بە هاوبەشی لەگەڵ عومان بێت، بەپێی ئەوەی یاسای نێودەوڵەتی دیاری کردووە".

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا گوتی، جیهان "تەنیا کاتێک سەرنج دەخاتە سەر گواستنەوەی دەریایی کە زیانی بەردەکەوێت و دەبێتە هۆی زیانگەیاندنی ئابووری بە خەڵک"، ئەمەش وەک ئاماژەیەک بۆ لێکەوتە فراوانەکانی هەر تێکچوونێک لە دەمارەکانی کەشتیوانیی جیهانیدا لەسەر ئابووری و بازرگانیی نێودەوڵەتی.


وشە - پۆڵا مەحموود