ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسانی 2026، کۆشکی سپی نیازەکانی خۆی ئاشکرا کرد بۆ ڕێگریکردن لە سەرکردە و بەرپرسانی ئەوروپی لە ئامادەبوون لە جامی جیهانی (مۆندیال)، ئەوەش بەهۆی ئەو سیاسەتانەی کە واشنتن بە "دژەسامی" وەسفیان دەکات.
ماڵپەڕی "ئۆراکتڤ" لە زاری هودا کابلۆن نێردەی سەرۆکی ئەمەریکا بۆ چاودێریکردن و بەرەنگاربوونەوەی دژەسامی گواستیەوە، کە لە کۆنگرەیەکدا لە بڕۆکسل لە 15ی نیسان ڕای گەیاندووە، لێپرسینەوە لەگەڵ وڵاتان دەکەین لەسەر ئەو لێدوانانەی وەزیرەکانیان داویانە، هەروەها ڕێ بەو وەزیرانە نادرێت بێنە ناو ئەمەریکاوە.
بەپێی ماڵپەڕەکە، مەترسییەکان لە ناو یەکێتیی ئەوروپادا زیاد دەکەن سەبارەت بە ئەگەری ڕاگرتنی بەرپرسان و وەزیرەکان لە خاڵە سنوورییەکاندا لە کاتی چوونیان بۆ مۆندیال، کە بڕیارە ئەم هاوینە لە ئەمەریکا بەڕێوە بچێت.
کابلۆن زیاتر گوتی، دەتوانین هەر ڕێوشوێنێک بگرینە بەر کە وەزیری دەرەوە و سەرۆک بۆ پاراستنی کۆمەڵگە بە پێویستی دەزانن، بەڵام سەبارەت بە چۆنیەتیی جێبەجێکردنی، ناچینە ناو وردەکارییەکانەوە.
جێی باسە پاڵەوانێتیی مۆندیالی 2026 لە هەریەک لە کەنەدا، مەکسیک و ئەمەریکا، لە ماوەی نێوان 11ی حوزەیران تا 19ی تەمووز بەڕێوە دەچێت.