ئێران : ئەگەر ئابڵوقەی سەر ئێران هەڵنەگیرێت جارێكی تر هورمز دادەخەینەوە

:: PM:06:49:17/04/2026 ‌
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی كردەوە، ئەگەر ئابڵوقەی سەر ئێران هەڵنەگیرێت ئەوا جارێكی تر گەرووی هورمز دادەخەنەوە.

ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسان، ئێران بڕیاری كردنەوەی گەرووی هورمزی دا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا وێرای ئەوەی سوپاسی ئێرانی كرد، دووپاتیشی كردەوە گەمارۆی دەریایی سەر ئێران بەردەوام دەبێت تا ئەو كاتەی رێككەوتن دەكرێت.

بەڵام بەرپرسێكی باڵای ئێران بە ئاژانسی تەسنیمی راگەیاندووە، ئەگەر ئابڵۆقەكە بەردەوام بێت ئەوا جارێكی تر گەرووی هورمز دادەخەنەوە.
تەسنیمی ئێرانی ئەوەیشی بڵاوكردووەتەوە، تێپەڕبوون بە هورمز تەنیا بۆ كەشتییە بازرگانییەكانەوە و بۆ كەشتی سەربازی نییە، جیا لەوەیش روونی كردووەتەوە تێپەڕبوونی كەشتییەكان بە هورمز بە هاوئاهەنگی لەگەڵ سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەبێت.
 
لە ماوەی شەڕی 40 رۆژەی ئێران و ئەمەریكا، داخستنی گەرووی هورمز بەهێزترین كاری گوشاری ئێران بوو، چونكە گەرووەكە بە شادەماری بازرگانی جیهان دادەنرێت.



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل