ئەمەریکا پێزانینی بۆ رۆڵی مەسروور بارزانی لە پەرەپێدانی کەرتی وزە هەیە

:: PM:08:07:17/04/2026 ‌
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا، پەرەپێدانی پێوەندییەکانی بواری وزە و پاراستنی ئاسایشی هەرێمی کوردستانیان تاوتوێ کرد.

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 17ـی نیسان، مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ دۆگ بورگوم وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا و سەرۆکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی وزەی کۆشکی سپی، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پێوەندییە دوولایەنەکان لە بواری وزە و ڕۆڵی ئەرێنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان لە پاڵپشتیکردنی پیشەسازیی وزەدا کرد.

هەر لەو پەیوەندییەدا، بیروڕایان لەبارەی دۆخی ئەمنی و ئابووری هەرێمی کوردستان و عێراق لە ژێر ڕۆشنایی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئاڵوگۆڕ کرد. وەزیری ناوخۆی ئەمەریکا پێزانینی خۆی بۆ سەرکردایەتی و پشتیوانیی سەرۆکی حکوومەت لە بابەتی وزەدا دەربڕی.

لەلایەن خۆیەوە، مەسروور بارزانی سوپاسی پشتیوانیی بەردەوامی ئەمەریکای کرد و داوای پاراستنی هەرێمی کوردستان و کۆتاییهێنان بە هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر ژێرخانی وزەی کرد. سەرۆکی حکوومەت دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان پابەندە بە کارکردن لە پێناوی بەدیهێنانی ئاشتی و خۆشگوزەرانی لە ناوچەکەدا.



وشە - پێشەنگ مەحموود