ئاماژە سەرەتاییەکان دەریدەخەن کۆمپانیاکانی کەشتیوانی بەهۆی مەترسییە ئەمنییەکانەوە ئامادە نین دەستبەجێ بە گەرووی هورمزدا تێپەڕن هەرچەندە وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت گەرووەکە بە تەواوی کراوەیە.
ئەمڕۆ هەینی 17ی نیسان دوای راگەیاندنی كردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی كەشتییە بازرگانییەكان، بەرپرسێک لە یەکێک لە کۆمپانیاکانی تانکەری نەوت و گاز بە "بی بی سی" ڕاگەیاند، لێدوانە ئێرانییەکان لە ئێستەدا، کاریگەریی لەسەر بڕیاری کۆمپانیاکان نییە و نایانەوێت خۆیان ڕووبەڕووی مەترسییەکی ناپێویست بکەنەوە.
بەرپرسەكە دەشڵێ، "سیاسەتی کۆمپانیاکەمان ئەوەیە کە نابینە یەکەم لایەن بۆ تێپەڕین بە گەرووەکەدا." هاوکات کۆمپانیای "ستینا بولک" کە یەکێکی دیکەیە لە کارپێکەرانی تانکەری نەوت، رای گەیاند کە لە نزیکەوە چاودێریی دۆخەکە دەکەن و تا بە تەواوی دڵنیا نەبن لە ئارامی و سەلامەتی رێڕەوەکە، کەشتییەکانیان بەو ناوچەیەدا تێپەڕ نابن، چونکە سەلامەتی تیم و کەشتییەکانیان لە سەرووی هەموو بڕیارێکەوەیە.
مەترسی كۆمپانیاكان ئەوەیە ئێران لە ماوەی رابردوودا مینی دەریایی لە گەرووەكە بڵاو كردبێتەوە.