رەزا تەڵایی گوتەبێژی بەرگریی ئێران دووپاتی دەكاتەوە، هێشتا جەنگ تەواو نەبووە و دەشڵێ، "تێپەڕبوونی كەشتییە بازرگانییەكان پێوەستە بە ئاگربەستی لبنانەوە".
ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان، رەزا تەڵایی لە
لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا باس لەوە دەكات، ئەمەریكا لە سێ بواردا شكستی هێناوە، لەوانە نەیتوانی رژێمی ئێران بگۆڕێت، هەروەها نەیتوانی بۆشایی بخاتە نێوان خەڵك و دەسەڵاتەوە، لە سێیەم بواریشدا نەیتوانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە دژی تاران پێكبهێنێت.
تەڵایی دەڵێ، "كردنەوەی گەرووی هورمز پێوەستە بە ئاگربەستی لبنانەوە، هێشتا جەنگ كۆتایی نەهاتووە و ئەگەر دوژمن پەنا بەرێتە بەر فریودانی دیپلۆماسی، ئێمەیش وەڵامی دەدەینەوە".
دوێنێ ئێران هاوكات لەگەڵ راگەیاندنی ئاگربەست لە لبنان لە نێوان ئیسرائیل و میلیشیای حزبوڵا، گەرووی هورمزی كردەوە و بڕیارە ئەم هەفتەیەش جارێكی تر لە پاكستان دانوستاندن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران ئەنجام بدرێت.