ئێران: جارێكی تر گەرووی هورمزمان داخست

:: AM:11:41:18/04/2026 ‌
فەرماندەی خاتەم ئەنبیا لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ‌، بە هۆی ئەوەی ئەمەریكا پابەند نەبووە بە بەڵێنەكانی، بۆیە جارێكی تر گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە داخرایەوە.

ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان، فەرماندەیی خاتەم ئەنبیای ئێرانی لە راگەیەنراوێكدا كە لە ئاژانسی تەسنیم بڵاو كرایەوە رای گەیاند، جارێكی تر گەرووی هورمز داخرایەوە. لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بۆ ئەوە كراوە لە چوارچێوەی رێككەوتنێك، ئێران گەرووی هورمزی كردووەتەوە، بەڵام ئەمەریكا لە ئابڵۆقەدانی ئێران بەردەوامە و رێگریی لە كەشتییەكانی دەكات.

ئێران دووپاتی دەكاتەوە ئەمەریكا خاوەنی بەڵێنی خۆی نییە، بۆیە گەرووەكە جارێكی تر دادەخرێتەوە.

دوێنێ‌ ئێران رای گەیاند، گەرووی هورمزی بەڕووی كەشتییە بازرگانییەكان كردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ئەمەریكایش پێشوازیی لەو هەنگاوە كرد، بەڵام دووپاتیشی كردەوە ئابَڵوقەی دەریایی لەسەر ئێران بەردەوام دەبێت و نابێت هیچ كەشتییەك بۆ ئێران بچێت و لێی دەربچێت. ئێرانیش ئەمڕۆ دووپاتی دەكاتەوە تا ئەو ئابڵۆقەیە مابێت، گەرووی هورمز ناكرێتەوە.




وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل