ئاژانسی تەسنیم: تویتی عێراقچی لەبارەی كردنەوەی هورمز بە هەڵە بوو

:: PM:12:09:18/04/2026 ‌
ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی كردووەتەوە، جارێكی تر تێپەڕبوون بە هورمز وەك بارودۆخی پێش جەنگ نابێت و ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات، تویتەكەی عەباس عێراقچی لەبارەی كردنەوەی هورمز هەڵە بووە، بۆیە دەڵێ‌، "بە تویتی هەڵە و وەهمەكانی ترەمپ بارودۆخەكە ناگۆڕێت".

ئەمڕۆ 18ی نیسان، ئاژانسی تەسنیم روونكردنەوەی لەسەر كردنەوەی گەرووی هورمز داوە و تویتەكەی عەباس عێراقچی بە هەڵە وەسف دەكات. دوێنێ‌ عەباس عێراقچی پەیامێكی بڵاو كردەوە و گوتی، "ئێستە گەرووی هورمز بەڕووی كەشتییە بازرگانییەكان كراوەیە". دوای ئەوە دۆناڵد ترەمپ پەیامێكی بڵاو كردەوە و سوپاسی ئێرانی كرد، كەچی هاوكات باسی لەوە كرد گەمارۆی سەر ئێران بەردەوام دەبێت.

جارێكی ئەمڕۆ ئێران گەرووی هورمزی داخست و لە بابەتێكی ئاژانسی تەسنیم روون كراوەتەوە، گوایە كاتێك ئاگربەستی ئێران راگەیەنراوە، ئێران بە مەرجی رێگەی بە تێپەڕبوونی كۆمەڵێك كەشتی داوە، بەڵام بە مەرج. عەباس عێراقچی ئەمەی بە هەڵە بڵاو كردووەتەوە، كەچی ترەمپ هەڵەكەی قۆستووەتەوە و بڵاوی كردووەتەوە.

لە كۆتایی بابەتەكەی تەسنیمدا هاتووە، "دەبێت جارێكی تر دووپاتی ئەوە بكرێتەوە گەرووی هورمز جارێكی تر وەك بارودۆخی بەر لە جەنگ نابێت، تویتی هەڵە لەلایەك و وەهمەكانی ترەمپ لەلایەكی تر، بارودۆخەكە ناگۆڕێت".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل