ئاژانسی تەسنیم: ئێران بە پاكستانی راگەیاندووە گەڕی دووەمی دانوستاندن ناكات

:: PM:01:53:18/04/2026 ‌
بە پێچەوانەی ئەو زانیارییانەی میدیای ئەمەریكی بڵاوی دەكەنەوە، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی ئاشكرای دەكات، تا ئێستە بەرپرسانی ئێران رەزامەندییان لەسەر دانوستاندن نەداوە و بە پاكستانیان راگەیاندووە، ئەوان دانوستاندن ناكەن.

ئەمڕۆ شەموو 18ی نیسان، ئاژانسی تەسنیمی ئێرانی بڵاوی كردووەتەوە، تا ئێستە ئێران رەزامەندیی نەداوە بچێتە گەڕی دووەمی دانوستاندنەوە، ئەمەیش بەهۆی قورسیی مەرجەكانی ئەمەریكا بۆ دانوستاندن. 

لە هەواڵەكەی تەسنیمدا هاتووە، "ئێران دووپاتی دەكاتەوە نەبوونی داواكاریی زێدەڕۆییانەی ئەمەریكا، مەرجێكی سەرەكییە بۆ بەردەوامبوونی دانوستاندن، ئەگەریش وا نەبێت، ئەوا ئێران كاتی خۆی بە دانوستاندنی نەزۆك بەسەر نابات".

ئاژانسی تەسنیم دووپاتی دەكاتەوە، ئێران ئەمەی بە پاكستان داوە تا ئەمەریكییەكان ئاگادار بكەنەوە.

ئەم لێدوانەی ئاژانسی تەسنیم، پێچەوانەی ئەو زانیارییانەیە كە لە دوو رۆژی رابردوودا لە میدیای ئەمەریكی بڵاو كراوەتەوە، لەوانە ئەكسیۆس دوێنێ‌ بڵاوی كردەوە، ئێران و ئەمەریكا یەكشەمی داهاتوو لە پاكستان گەڕی دووەمی دانوستاندن ئەنجام دەدەن.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل