كەی حكوومەتی عێراق دێتە پێكهاتن؟

:: PM:08:37:19/04/2026 ‌

هەفتەی رابردوو پەرلەمانی عێراق داوای لە چوارچێوەی هاوئاهەنگی كرد پەلە بكات و كاندیدی سەرۆك وەزیران دیاری بكات، بەڵام چوارچێوەكە ناكۆكە و ناتوانێت بڕیار بدات، دوێنێ فەرماندەی فەیلەقی قودس سەردانی بەغدای كرد و لەگەڵ میلیشیا و هێزە سیاسییەكانی شیعە كۆبووەوە، هاوكات بڕیارە نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا سەردانی بەغدا بكات، ئەو دوو سەردانەی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق بە خێرایی یەكلا دەكەنەوە یان بۆ دوای ململانێی ئێران و ئەمەریكا دوای دەخەن.

دوای هەفتەیەك گفتوگۆی سەركردەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی، ئێوارەی هەینی رابردوو زۆر نزیك بوون لە راگەیاندنی باسم بەدری وەك كاندیدی چوارچێوە بۆ سەرۆك وەزیران لە كۆبوونەوەی دوێنێ شەموو، بەڵام دوای چەند پەرەسەندنێك دۆخەكە گۆڕا، لەوانە سەردانی ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس بۆ بەغدا و كۆبوونەوەی لەگەڵ سەركردەكانی شیعە، هاوكات بڕیارە تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ سووریا ئەویش سەردانی بەغدا بكات. 

بڕیار بوو لە دانیشتنی دوێنێی چوارچێوەی هاوئاهەنگی باسم بەدری بێتە دیاریكردن و نووسراوی كاندیدبوونی پێشكەش بكرێت بۆ راسپاردنی بۆ پێكهێنانی حكوومەت، بەڵام بەهۆی هەندێك پەرەسەندن نەكرا، لەوانە هەوڵەكانی هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی، بۆیە دانیشتنەكە هاتە دواخستن، بەوەش چانسی ئەو كەم بووەتەوە، هاوكات ئێستە چەند لایەنێكی تر هاتوونەتە ناو بابەتەكە، لەوانە میلیشیاكان و قائانی و تۆم باراك، جیا لە سوودانی و محەمەد حەلبووسی.

ماوەی 15 رۆژییەكەی بە چوارچێوە دراوە بۆ دیاریكردنی كاندیدی سەرۆكی حكوومەت لە 26ی ئەم مانگە كۆتایی دێت، دوای ئەوە هاوپەیمانیەتییەكەی سوودانی هەلی پێكهێنانی حكوومەتی پێ دەبێت، بەڵام زۆرینەی چاودێران ئاماژە دەكەن كە سەردانەكەی دوێنێی قائانی و ئەوەی چاوەڕوانكراوی باراك بۆ بەغدا، یەكلاكەرەوە دەبن لە دیاریكردنی سەرۆك وەزیران و پێكهێنانی حكوومەتی نوێی عێراق.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل