بەرپرسانی باڵای پاكستان هەوڵە دیپلۆماسییەكانیان چڕكردووەتەوە تا گەڕی دووەمی دانیشتنی نێوان ئەمەریكا و ئێران سبەی سێشەم ئەنجام بدرێت، سەرەڕای ئەوەی گومان لەوە دەكرێ كە ئەو دانیشتنە بتوانرێ ئەنجام بدرێت، بەهۆی نەبوونی متمانە و بەرزبوونەوەی ئاستی گرژییەكانی نێوان ئەمەریكا و ئێران.
بەرپرسێكی
پاكستان كە ناوی ئاشكرا نەكراوە بۆ ڕۆیتەرز دووپاتی كردەوە، ئیسلام ئاباد هەوڵەكان و پێوەندییە دیپلۆماسییەكانی لە ڕۆژی یەكشەمەوە لەگەڵ واشنتن و تاران چڕ كردووەتەوە، تا گەرەنتی ئەنجامدانی گەڕی دووەمی دانوستاندن لە نێوان هەردوولا لە نزیكترین كاتدا بكات كە لەوانەیە سبەی سێشەم بێت.
قسەكانی ئەو سەرچاوە پاكستانییە لە كاتێكدایە كە درەنگانی شەوی یەكشەم لەسەر دووشەم، شەهباز شەریفی سەرۆك وەزیرانی پاكستان لەگەڵ مەسعوود پزیشكیانی سەرۆك كۆماری ئێران گفتوگۆیان كرد.
هاوكات لە دوای كۆتایی هەفتەوە ڕێوشوێنی تەناهی توند لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاكستان گیراوەتەبەر، كە وەك ئامادەكارییەك بۆ میوانداریكردنی گەڕی دووەمی دانوستاندنەكان لەو وڵاتە دەخوێنرێتەوە.