حەماس چەكەكانی رادەست دەكات و دەستبەرداری غەزەش دەبێـت

:: AM:10:38:20/04/2026 ‌
حەماس ئاشكرای كردووە كە دەیانەوێ دەستبەرداری چەكەكانیان بن و رادەستی لیژنەكەی دۆناڵد ترەمپی بكەن.

دوو بەرپرسی بزووتنەوەی حەماسی فەلەستینی لە كەرتی غەزە بە ڕۆژنامەی "نیویۆرك تایمز"ی ئەمەریكییان ڕاگەیاندووە، بزووتنەوەكە ئامادەیە ئەم چەكانە ڕادەستی لیژنەی كارگێڕی فەلەستینی بكات كە لەلایەن ئەنجوومەنی ئاشتی"یەوە پێكهێنراوە.

حەماس پێی وایە ئیتر كاتی ئەوەیە دۆخەكە لە كەرتی غەزە بەتەواوی و بۆ هەمیشە هێمن بكرێتەوە، ئەوە لە كاتێكدایە پێشتر كە دەسەڵاتیان هەبوو، بەردەوام باسی جیهادیان دەكرد و هێرشی سەر ئیسرائیلیان بەپێویست دەزانی.

ئەو دوو بەرپرسەی حەماس بۆ رۆژنامەكە گوتوویانە، ئەوان بڕیاری چەكداماڵینی تەواوەتیان هێشتا نەداوە، چونكە بەپێویستی دەزانن بەشێك لەو چەكانەیان بەدەستەوە بێت.

لەبارەی دوورخستنەوەیان لە كەرتەكە و دەسەڵاتی ئیداری ناوچەكە گوتوویانە، ئەوان هێشتا چاوەڕێن بزانن چی روو دەدات، ئەگەر ئەوە لە بەرژەوەندیی غەزە بێت، ئامادەن دەستبەرداری بەرژەوەندیی خۆیان ببن.

شارەزایان مەزندە دەكەن كە باڵی سەربازیی حەماس چەكێكی زۆر زیاتری لە پۆلیس و هێزە تەناهییەكان هەیە، لەوانە دەیان هەزار چەكی ئۆتۆماتیكی و چەكی قورستر وەك مووشەكی دژەتانك.

لێدوانی بەرپرسانی حەماس لە كاتێكدا هات كە ئەندامانی بزووتنەوەكە و ئەنجوومەنی ئاشتی، هەفتەی ڕابردوو لە قاهیرە خەریكی گفتوگۆ بوون. 

ئەنجوومەنی ئاشتی داوای لە حەماس كردووە دەستبەرداری هەموو چەكەكانی ببێت، لە بەرانبەر كشانەوەی هێزەكانی ئیسرائیل لە كەرتی غەزە و دووبارە ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچە بەرفراوانانەی كە بەهۆی جەنگەوە وێران بوون.



وشە - سۆران عەزیز