لە درێژەی شەپۆلی دەستبەسەركردن و بێدەنگكردنی چالاكان و هاووڵاتییان لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە، ژنێكی كورد لە شاری سەقز بە شێوازێكی توندوتیژانە دەستبەسەر كرا و تا ئێستە چارەنووسی بە نادیاری ماوەتەوە.
بەپێی زانیارییەكانی سەرچاوە خۆجێیەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، ڕۆژی پێنجشەمی ڕابردوو، هێزەكانی وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران لە شاری سەقز، هەڵیانكوتایە سەر ماڵی هاووڵاتییەك بە ناوی "سەحەر مەهدی" كە تەمەنی 32 ساڵە، باس لەوە دەكرێت پرۆسەی گرتنەكە بەبێ پێشاندانی هیچ فەرمانێكی دادوەر و بە بەكارهێنانی توندوتیژی بووە.
سەحەر مەهدی كە خوشكی یەكێك لە ئەندامانی ئۆپۆزسیۆنی دژ بە ڕژێمی ئێرانە، دوای گرتنی بۆ شوێنێكی نادیار گواستراوەتەوە.
چاودێرانی سیاسی پێیان وایە گرتنی سەحەر، پێوەندیی بە چالاكییە سیاسییەكانی براكەیەوە هەیە و وەك ئامرازێكی فشار دژ بە بنەماڵەكەی بەكار هێنراوە.
ئەم ڕووداوە لە كاتێكدایە كە پرۆسەی دەستبەسەركردنی هاووڵاتییان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان، بە تایبەت ژنان و تەنانەت منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی، لەمدواییانەدا ڕووی لە هەڵكشان كردووە.