لەگەڵ نزیكبوونەوە لە وادەی كۆتاهاتنی ئاگربەستی دوو هەفتەی نێوان ئێران و ئەمەریكا، بەرپرسێكی كۆشكی سپی دووپات لەوە دەكاتەوە، ترەمپ ویستی لە درێژكردنەوەی وادەی ئاگربەست نییە. سەرچاوەیەكی ئاگاداریش دەڵێ، ئەمڕۆ تاران بە فەرمی شاند ڕەوانەی پاكستان دەكات.
ڕۆژنامەی
وۆل ستریت جۆرنال لە زاری بەرپرسێكی كۆشكی سپی گواستوویەتییەوە، سەرۆك ترەمپ خواستی لە درێژكردنەوەی ئاگربەست نییە و دوا وادە بۆ گفتوگۆ و دانوستاندن، ئێوارەی سبەی چوارشەمەیە و دوای ئەوە ئاگربەست كۆتایی دێت.
سەرەڕای نزیكبوونەوە لە كۆتایی وادەی ئاگربەست، ئێران بەهۆی ناكۆكی لە نێوان پاسداران و دانوستاندكارانەوە دوودڵە لە ڕەوانەكردنی شاند، بۆیە تا ئێستە بە فەرمی چوونی شاندی وڵاتەكەی بۆ ئیسلام ئاباد ڕانەگەیاندووە، بەڵام سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ ڕۆژنامە ئەمەریكییەكە ڕای گەیاندووە، تاران وڵاتانی ناوەندگیری ئاگادار كردووەتەوە كە ئەمڕۆ سێشەم شاندی دانوستاندكاری خۆی ڕەوانەی پاكستان دەكات.
پێشتر دۆناڵد ترەمپ هۆشداریی بە تاران دا، ئەگەر نەگەن بە ڕێككەوتن، ئەوا ڕووبەڕووی هێرشی سەربازیی زۆر وێرانكەر دەبنەوە و تەواوی پرد و وێستگەكانی بەرهەمهێنانی وزە لەناو دەبرێن، سەرەڕای ئەو هەڕەشانەیش، بەڵام ئێران تا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سێشەم ئامادە نەبوو شاند ڕەوانەی ئیسلام ئاباد بكات، محەمەد باقر قالیبافی سەرۆكی شاندی ئێران دەیگوت، لە ژێر هەڕەشە دانوستاندن ناكەین.
هاوكات دەستبەسەرداگرتنی كەشتیی تۆسكای ئێرانی لەلایەن هێزەكانی ئەمەریكاوە، گرژییەكانی نێوان هەردوو وڵاتی دووباره بەرز كردەوە و هەڕەشە لەسەر گفتوگۆكان دروست بووبوو، بەڵام چاوەڕوان دەكرێ ئێوارەی ئەمڕۆ یان سبەی چوارشەم، گەڕی دووەمی دانوستاندن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران لە ئیسلام ئاباد ئەنجام بدرێت.