وۆل ستریت جۆرنال: سعوودیە و عێراق لە جەنگێكی شاراوە و ناڕاستەوخۆدان

:: AM:09:47:21/04/2026 ‌
ڕۆژنامەی وۆل ستریت جۆرنالی ئەمەریكی، ڕاپۆرتێكی لەبارەی جەنگی شاراوە و ناڕاستەوخۆ لە نێوان عێراق و سعوودیە بڵاو كردووەتەوە و ئاماژەی داوە، نیوەی ئەو هێرشە درۆنییانەی كە لە ماوەی جەنگدا دژی ئێران كراونەتە سەر سعوودیە، لە عێراقەوە ئاراستە كراون.

ڕۆژنامەكە نووسیویەتی، میلیشیاكانی ئێران لە عێراق، نیوەی هێرشە درۆنییەكانی كرانە سەر سعوودیە لە ماوەی پێنج هەفتەی جەنگ دژی ئێران ئەنجام داوە، ئەمەیش سعوودیە و وڵاتانی تری كەنداو هان دەدات كە ڕووبەڕووی ئەو جەنگە شاراوە و ناڕاستەوخۆیە ببنەوە، دواجاریش ئەگەری زۆرە كە ئەمە بۆ ململانێیەكی كراوە و فەرمی لە نێوان ئەو وڵاتانە و عێراق درێژە بكێشێت.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنەكانی سعوودیە كە سەرچاوەیەكی ئاگادار وردەكارییەكانی بۆ وۆل ستریت جۆرنال ڕاگەیاندووە، نیوەی هێرشە درۆنییەكانی كراونەتە سەری لە عێراقەوە بووە، كە لە پێنج هەفتەی جەنگ زیاتر لە هەزار هێرشی درۆنی كرایە سەر سعوودیە و پاڵاوگەكانی نەوت و ناوەندی یەنبەعی نەوتی لەسەر دەریای سوور و كێڵگەكانی نەوت لە ڕۆژهەڵاتی سعوودیە، لە ڕێگەی ئەو هێرشانەوە كرانە ئامانج.

هەرچەندە وڵاتانی كەنداو و سعوودیە پێشتر هەڕەشەی توندیان لە عێراق كرد كە ئەگەر سنوورێك بۆ میلیشیاكانی ئێران لە عێراق دانەنێت، ئەوا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی سكاڵا لە دژی بەغدا تۆمار دەكەن، بەڵام حكوومەتی عێراقیش دەسەڵاتی بەسەر ئەو گرووپانەوە نییە، بۆیە ئەگەری زۆرە لە دووبارە هەڵگیرسانەوەی جەنگ لە نێوان ئەمەریكا و ئێران، سعوودیە و وڵاتانی كەنداو وەڵامی میلیشیاكان بدەنەوە و ئەمەیش عێراق ڕادەكێشێتە ناو ململانێ و جەنگێكی كراوە لەگەڵ وڵاتانی كەنداو.


وشە - باز ئه‌حمه‌د