ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەكی پاكستانی بڵاوی كردەوە، ئەمڕۆ شاندی واشنتن و تاران دەگەنە ئیسلام ئاباد و سبەی دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن دەكرێت، لە ئەگەری نزیكبوونەوە لە ڕێككەوتنیش، چاوەڕوان دەكرێ دۆناڵد ترەمپ لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بەشداریی گفتوگۆكان بكات.
ئەو سەرچاوە
پاكستانییە بۆ ڕۆیتەرز ئاماژەی داوە، دۆخەكە بەو شێوەیە دەڕوات كە پلانی بۆ دانراوە و نەخشەی بۆ كێشراوە، هەموو ئامادەكارییەكان لە ئیسلام ئاباد تەواو بوون.
زیاتر گوتی، ئەمڕۆ شاندی هەردوو وڵات دەگەن و سبەی چوارشەم دەست بە گفتوگۆ و دانوستاندن دەكرێت، لە ئەگەری گەیشتن بە ڕێككەوتن و پێشكەوتنی بەرچاو لە نێوان شاندی هەردوولا، چاوەڕوان دەكرێ دۆناڵد ترەمپ بەشداریی گفتوگۆكان لە ڕێگەی ڤیدیۆ كۆنفرانسەوە بكات.
پێشتر سی ئێن ئێن بڵاوی كردەوە، جەی دی ڤانس و شاندی یاوەری ئەمڕۆ سێشەم بەرەو پاكستان بەڕێ دەكەون، هاوكات ئەكسیۆس لە زاری سەرچاوەكان بڵاوی كردەوە، سەرەڕای ئەوەی ناكۆكی لە نێوان شاندی دانوستاندكاری ئێران و سوپای پاسداران لەبارەی چوونیان بۆ پاكستان و بەشدارییان لە دانوستاندنەكان هەیە، بەڵام موجتەبا خامنەیی ڕێبەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێران، ڕەزامەندیی بە چوونی شاندی وڵاتەكەی بۆ پاكستان دەربڕیوە و ئەمڕۆیش شاندەكە بەرەو ئیسلام ئاباد دەفڕن.