سێ وڵات داوای هەڵپەساردنی پەیمانی هاوبەشی ئەوروپا و ئیسرائیل دەكەن

:: AM:11:43:21/04/2026 ‌
بڕیارە ئەمڕۆ سێشەم وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ناو یەكێتیی ئەوروپا كۆ ببنەوە، سێ وڵاتیش پێشنیازیان كردووە كە پرسی هەڵپەساردنی پەیماننامەی هاوبەشایەتی لە نێوان ئەوروپا و ئیسرائیل، بخرێتە ناو دانیشتنەكە و گفتوگۆی لەسەر بكرێت.

خۆسیە مانوێل ئەلباریس وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئەمڕۆ سێشەم ئاشكرای كرد، بەر لەوەی كۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەوروپا لە لۆكسەمبۆرگ دەست پێ بكات، هەریەك لە ئیسپانیا و سلۆڤینیا و ئێرلەندا داوایان كردووە، گفتوگۆ لەبارەی هەڵپەساردنی پەیماننامە و ڕێككەوتنی هاوبەشایەتی لە نێوان یەكێتیی ئەوروپا و ئیسرائیل بكرێت.

هێمای بۆ ئەوەیش كرد، ئەو داوایە هەر ئەمڕۆ و بەر لە دەستپێكی كۆبوونەوەكە پێشكەش كراوە.

ئەو داوایەی ئیسپانیا و سلۆڤینیا و ئێرلەندا بۆ هێرشی ئیسرائیل بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریكا بۆ سەر ئێران و لبنان دەگەڕێتەوە، مەدرید لە سەرەتای جەنگەكەوە بەرهەڵستكاری سەرسەختی شەڕە و دژی ئەمەریكا و ئیسرائیل وەستاوەتەوە.

پێشتر حكوومەتی ئیسپانیا ڕەتی كردەوە ڕەزامەندی بە فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا بدات كە لە بنكە سەربازییەكانی ئەو وڵاتە بنیشنەوە، تەنانەت فڕینی بە ئاسمانی وڵاتەكەیش لێ قەدەغە كردن.


وشە - باز ئه‌حمه‌د