وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەمڕۆ رای گەیاند، ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانیان لە لبنان فراوانتر دەكەنەوە، بۆ ئەوەیش بەراوردی باشووری لبنانی وەك كەرتی غەزەی فەلەستینی كرد ئەگەر حزبوڵا چەكەكانی فڕێ نەدات و هەڵنەوەشێتەوە.
پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ سێشەم 21ی نیسان بڵاوی كردووەتەوە، یسرائیل كاتس وەزیری بەرگریی ئیسرائیل لە لێدوانێكدا رای گەیاند، ئەگەر حزبوڵا چەكەكانی فڕی نەدات و خۆی هەڵنەوەشێنێتەوە، ئەوكات ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانمان فراوانتر دەكەینەوە، ئەوكات باشووری لبنان چارەنووسی وەك غەزەی لێ دێت، بۆیە پێویستە حزبوڵا بە خێرایی بجووڵێتەوە.
لەبارەی چارەنووسی باشووری لبنان ئەگەر حزبوڵا چەكەكانی فڕێ نەدات، كاتس دووپاتی كردەوە كە ئەو ناوچەیەی لبنان، چارەنووسی وەك رەفەح و بەیت حانوونی لە غەزە لێ دێت، بۆیە لە ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانمان بەردەوام دەبین.
وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئەوەشی گوت كە لە قۆناغی داهاتوودا هەنگاوەكانمان لەسەر زەوی توندتر دەبن. هاوكات بەڵێنی دا كە نەعیم قاسم سەرۆكی حزبوڵا لەناو دەبەن وەك ئەوەی پێشتر حەسەن نەسروڵایان لەناو برد.
لەلایەكی تریشەوە سەرۆكایەتیی لبنان دوێنێ رای گەیاند، جۆزیڤ عۆن سەرۆكی ئەو وڵاتە، شاندی لبنانی بە سەرۆكایەتیی سیمۆن كەرەم باڵوێزی پێشوو لە نەتەوە یەكگرتووەكان راسپاردووە، دانوستان لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجام بدات.
لە رێككەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و لبنان بۆ ماوەی 10 رۆژ، ئەوە هاتووە كە بەپێی رێككەوتنی هەردوولایان دەتوانن ماوەی ئاگربەستەكە درێژ بكەنەوە، بە مەرجێك ئیسرائیل مافی ئەوەی هەیە بەرگریی لە خۆی لەهەر هەڕەشەیەك بكات.