ڕۆژنامەوانێكی دیاری توركیا كە نزیكە لە دەزگا تەناهییەكانی ئەو وڵاتەوە رای گەیاند، لە رێگەی دەزگا سەربازییەكانەوە هەندێك زانیاری لەبارەی قسەكانی ئۆجەلان وەرگرتووە و كە دەوری هەبووە لە كۆتاهێنانی شەڕی نێوان سووریا و هەسەدە.
ڕووشەن چاكر رۆژنامەنووسێكی توركی نزیكە لە دەزگا هەواڵگری و سەربازییەكانی توركیا، هەندێك زانیاری خستووەتەڕوو، بەپێی زانیارییەكانی ئەو رۆژنامەنووسە توركە. ئۆجەلان لەبارەی شەری سووریا و ڕۆژئاوای كوردستان گوتوویەتی، كورد لە ڕۆژئاوا بەرگریی دەكرد، كورد بەرگریكارێكی سەرسەختە، بەڵام ڕوون نەبوو كێ دەیباتەوە، بۆیە من هەستم بەمەترسی دەكرد كە غەزەیەكی تر لە رۆژئاوای كوردستان دووبارە بێتەوە، هەستم دەكرد ئەوەی روو دەدات كورد بۆ هەتایە لە سووریا سەركوت دەكات .
ئۆجەلان ئاشكرای كردووە، لەو كاتەدا نامەی بۆ مەزڵووم عەبدی نووسیوە و ئەو مەترسییانەی پێڕاگەیاندوون، "بەڵام ئەوەی سەیرە نامەكان لەرێگەی دەزگای هەواڵگری و سەربازی توركیاوە و گەیشتوون و ئامانجی ئەوانیش ئەوە بووە كورد رادەست بێت".
بەگوتەی ڕووشەن چاكر ئۆجەلان گوتوویەتی، دەزانم قەندیل لەمە نیگەرانە، بەڵام من ئەو كارە دەكەم با ئەوان نیگەران بن، ئەگەر شەڕەكە ڕووی بدایە، تەنیا سووریا نا، بەڵكو كورد لەسووریا تەفروتونا دەبوو، شەڕێكی 100 ساڵە ڕووی دەدا.
هەر لەو سەروبەندەشدا سەرۆك بارزانی چەندان جار باسی لە مەترسی شەڕی عەرەب و كورد كرد و گوتی، مەترسییەكی رژد هەیە و دەبێت رێگەی لێبگیرێت، نابێت ئەو شەرە ببێتە شەڕی دوو نەتەوەی جیران.
هەر لەو كاتەشدا بوو سەرۆك بارزانی هەوڵەكانی خستەگەر بۆ ئەوەی ئەو شەڕە روو نەدا یان كە رووی دا زوو كۆتایی بێت.
چاودێرانی كورد پێیان وابوو، ئەو یەكێتییەی لەو كاتەدا لەلایەن كوردانەوە هاتەئارا و كوردی لە دنیا خورۆشان، بەدڵنیاییەوە حیساباتی توركیا و سووریای گۆڕی و تێگەیشتن كە بەشەڕ كێشەی كورد چارەسەر ناكرێت.
ئۆجەلان لەو زانیارییانەی ئەو رۆژنامەنووسە توركە خستویەتییەروو، وا باس لە ئیسرائیل دەكات كە كورد دژی توركیا بەكار دێنێت و ئامانجی یەكەمی ئیسرائیلیش لێدانە لە تورك، بۆیە ئەوان رێگە لەو مەترسییە دەگرن.
ئۆجەلان دەڵێت: ئامانجی سەرەكی توركیایە. دەیانەوێت كورد بدەن بە گژی توركدا، ئەوەش ئەو شتەیە من رێی پێ نادەم.