بڕیارە ئەمڕۆ هەریەك لە پارتی كرێكارانی توركیا، پارتی بزووتنەوەی زەحمەتكێشان، پارتی ڕەنج، پارتی كۆمەڵگەی ئازاد، پارتی سۆسیالیستە چەوساوەكان، پارتی هەرێمە دیموكراتییەكان، پارتی شۆڕشگێڕان، پلاتفۆرمی هاریكاری سۆسیالیزم، پارتی سەرلەنوێ ڕزگاری سۆسیالیست و پارتی چەپی سەوز، سەردانی دەمیرتاش بكەن.
دەمیرتاش لە ساڵی 2016وە گیراوە و ئەگەرچی دادگای ئەوروپا بۆ مافەكانی مرۆڤ، لە شوباتی 2021دا داوای لە دەسەڵاتدارانی توركیا كرد ئازاد بكەن، چونكە دادگا پێی وایە بیانووەكانی توركیا بۆ گرتنی دەمیرتاش بە تۆمەتی تیرۆر، تەنیا پەردەیەكە لە ڕێگەیەوە دەسەڵاتداران دەیانەوێ فرەیی و گفتوگۆی دیموكراتییانە سنووردار بكەن.
سەڵاحەدین دەمیرتاش سیاسەتمەدارێكی كوردی زازایی باكوری كوردستانە، لە ساڵی 2007دا لەسەر لیستی پارتی كۆمەڵگەی دیموكراتیك (DTP) وەك نوێنەری پارێزگای ئامەد، بووەتە ئەندامی پەرلەمانی توركیا و لە دوای قەدەغەكردنی ئەم پارتە لەلایەن دادگای دەستووری توركیاوە، لە ساڵی 2010دا بوو بە ھاوسەرۆكی پارتی ئاشتی و دیموكراسی (BDP)، دواتریش بووە هاوسەرۆكی پارتی دیموكراتی گەلان "هەدەپە".
بڕیارە سەرەتا ئەو حزبانە سەردانی دەمیرتاش بكەن، دواتر لە بەردەم گرتووخانەی ئەدرینە داوا لە لایەنە پێوەندیدارەكانی توركیا بكەن، پابەندبن بە بڕیارەكانی دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا و دادگای دەستووریی توركیا و گیراوە سیاسییەكانی وەك سەڵاحەدین دەمیرتاش و فیگەن یوكسەكداغ ئازاد بكرێن.
پاشان حزبەكان بەرەو گرتووخانەی سیلیڤری بەڕێ دەكەون و لەوێش سەردانی جان ئاتاڵای، تەیفون قارەمان و عوسمان كاڤاڵا دەكەن كە بە هۆكاری سیاسی چەندان ساڵە گیراون.