رێكخراوی ئیكۆی عێراق كە رێكخراوێكی تایبەت بە ئابووری عێراقە، ئاشكرای دەكات لە رۆژێكدا سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق 143 ملیۆن دینار خەرج دەكات، بۆیە داوا لە پەرلەمان دەكات بە یاسا مووچەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق دیاری بكات.
ئەمڕۆ چوارشەم 22ی نیسان،
رێكخراوی ئیكۆی عێراق ئاشكرای دەكات، كۆی خەرجیی سەرۆكایەتیی كۆماری عێراق لە ساڵی رابردوودا (2025) 52 ملیار و 366 ملیۆن و 774 هەزار و 988 دینار بووە، واتە لە رۆژێكدا 143 ملیۆن دینا و 470 هەزار دینار بووە.
لەبارەی چۆنیەتیی خەرجكردنی ئەو پارەیە ئیكۆی عێراق روونی دەكاتەوە، ئەو 52 ملیار دینارە بە مووچە و خەرجی تری وەك خواردن و كڕینی پێداویستی بووە، تەنیا 281 ملیۆنی خەرجی وەبەرهێنان بووە.
رێكخراوە عێراقییەكە دەڵێ، ئەو خەرجییە كراوە، كەچی سەرۆكایەتیی كۆمار یەك پێشنیاری یاسایی نەبووە، هیچ چالاكییەكی تۆمار نەكردووە، لە چوارچێوەی جێبەجێكردنی بڕگەكانی دەستوور بێت یان پێشكەشكردنی خزمەتێك بێت بۆ هاووڵاتییان.
روانگەی ئیكۆی عێراق لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی داوا لە پەرلەمانی عێراق دەكات، بە یاسا خەرجیی هەر سێ سەرۆكایەتییەكە رێكبخات، چونكە ئەو قەبارە گەورەیەی خەرجی لە كاتێكدایە وڵات بە دەست كورتهێنانێكی گەورەوە دەناڵێنێ.