بەپێی راگەیاندنی رۆژئاوای كوردستان، چاوەڕێ دەكرێت كۆتایی هەفتەی داهاتوو بەتەواوی هەسەدە تێكەڵی هێزەكانی حكوومەتی كاتیی سووریا بكرێن و بەگوتارێك مەزڵووم عەبدی قۆناغێكی نوێ رابگەیەنێت.
حكوومەتی سووریا بەهیوایە هێزەكانی لە سێ فیرقەدا رێكبخاتەوە، بەشێكیش لەو هێزانە دەبنە هێزەكانی هەسەدە و بڕیارە لە فیرقەیەك و سێ لیوا جێگیر بكرێن.
هاوكات بەپێی رێككەوتنەكە، دەبێت هەسەدە چەكی قورس رادەست بكات و لەناو شارەكانیش هیچ گرووپێكی چەكداریی نەمێنێت.
بەبڕوای چاودێران ئەو تەونە جاڵجاڵۆكەیەی كە رێكخستنەكانی پەكەكە لە ژێر ناوی پەیەدە دروستیان كردووە، ئاسان نابنە بەشێك لە هێزی فەرمی و كێشە بۆ رێككەوتنەكە دروست دەكەن.
ئاڵۆزترین ئەرك لە بەردەم مەزڵووم عەبدی، هەڵوەشاندنەوەی "جوانێن شۆڕشگێڕ"ە كە یەكێكە لە توندترین پێكهاتە چەكدارییە نافەرمییەكانی پەیەدە لە رۆژئاوای كوردستان، ئەم ڕێكخراوە لە ڕووی ئایدۆلۆجیاوە شوێنكەوتەی فیكری عەبدوڵا ئۆجەلانە و وەك باڵێكی گەنجان یان هێزێكی فشار دەبینرێت، هەرچەندە بە فەرمی بەشێك نین لە هەسەدە، بەڵام دەسەڵاتێكی فراوانیان هەیە و لەناو دامەزراوەكانی خۆبەڕێوەبەریدا جێگەیان كراوەتەوە.
هاوكات ئەركی ئەم گرووپە، بردنی گەنجانی رۆژئاوای كوردستانە بۆ ناو هێزەكانی یەپەژە و هەسەدە، بەڵام كاتێك ئەم دوو هێزە نامێنن، ئەندامی نوێ بۆ كوێ وەردەگرن.